رووداو دیجیتاڵ
دەستەی ئاماری تورکیا، ئامارەکانی هێزی کاری بۆ مانگی ئایاری 2026 بڵاوکردەوە. بەپێی داتا فەرمییەکان، رێژەی بێکاری لە تورکیا لە مانگی ئایاردا بەراورد لەگەڵ مانگی نیسانی ئەم ساڵ وەک خۆی ماوەتەوە و لەسەر ئاستی 8.2٪ جێگیر بووە.
دەستەی ئاماری تورکیا ئاماژە بەوە دەکات، ژمارەی بێکارانی تەمەن 15 ساڵ و بەرەو سەر لە تەواوی وڵاتدا، لە مانگی ئایاردا 9 هەزار کەس زیادی کردووە و کۆی ژمارەی بێکاران گەیشتووەتە 2 ملیۆن و 883 هەزار کەس؛ بەڵام رێژەی گشتیی بێکاری گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتووە. ئەم رێژەیەش بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو، 0.2 ٪ کەمی کردووە.
داتاکان دەریانخستووە کە رێژەی بێکاری لە نێو پیاواندا 7٪ و لە نێو ژناندا 10.5٪ بووە.
له لایهكی دیكهوه، رێژەی بێکاری لە نێو توێژی گەنجانی تەمەن 15-24 ساڵیدا، بە بەراورد بە مانگی پێشوو 0.4 ٪ زیادی کردووە و گەیشتووەتە 14.8٪. ئەم رێژەیەش لە نێو گەنجانی کوڕدا 11.2٪ و لە نێو کچاندا 21.8٪ بووە.
هاوکات دەستەی ئاماری تورکیا رایگەیاندووە، پێداچوونەوە و راستکردنەوەیان لە داتاکانی هەندێک لە مانگەکانی رابردوودا کردووە.
ئاماری رێژەی بێکاری پێنج مانگی 2026:
کانوونی دووەم: 8.1٪
شوبات: 8.4٪
ئادار: 8.1٪
نیسان: 8.2٪
ئایار: 8.2٪
جێگیربوونی رێژەی بێکاری لەسەر ئاستی 8.2٪ لە کاتێکدایە کە ئابووریی تورکیا لەژێر گوشاری چاکسازیی تووندی ئابووریدا هەنگاو دەنێت بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان و سەقامگیرکردنی بازاڕەکان.
پاراستنی ئەم ئاستە لە بێکاری، لە لایەکەوە نیشانەی خۆڕاگریی سێکتەرەکانی بەرهەمهێنان و پیشەسازییە لە بەرامبەر سیاسەتی تووندی ئابووری، لە لایەکی دیکەوە، بەرزبوونەوەی بێکاری لە نێو گەنجان ، وەک ئالنگارییەکی جیددی لەبەردەم حکومەتی تورکیادا دەمێنێتەوە کە بڕیارە لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا هاوشانی بابەتی بەرزکردنەوەی مووچەی خانەنشینان و فەرمانبەران، پاڵپشتیی دارایی بۆ پڕۆژەکانی رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان تاوتوێ بکات.

.jpg&w=3840&q=75)

