رووداو دیجیتاڵ
لە ئیستەنبووڵ پێنج هەزار کەس بە جلوبەرگی فۆلکلۆریی نەتەوەی لاز و میوزیکی هۆرۆن سەمایان کرد و لە کتێبی گینسدا تۆمارکرا.
چالاکییەکە رۆژی 28-6-2026 لە ئیستەنبووڵ بە سەرپەرشتیی یەکێتیی هەڵپەڕکێ میللییەکانی تورکیا بەڕێوەچوو.
پێنج هەزار سەماکەر بە جلی تایبەت بە نەتەوەی لاز (هەرێمی دەریای رەشی تورکیا) پێکەوە سەمای هۆرۆنیان کرد و ژمارەی پێوانەییان تۆمارکرد. پێش دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکە لە گۆڕەپانی چالاکییەکانی ماڵتەپە، شەیدا سوباشی، نوێنەری گینس لە تورکیا رێساکانی چالاکییەکەی روون کردەوە.
سەماکەرەکان لە شارە جیاوازەکانەوە و بەتایبەتیش لە شارەکانی هەرێمی دەریای رەشی تورکیاوە بەشدارییان کرد.
داود گوڵ، پارێزگاری ئیستەنبووڵ بەر لە دەستپێکردنی چالاکییەکە گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند: "هۆرۆن و هەڵپەڕکێ کولتووری ئێمەن؛ پاراستنی بەهاکانی ئەم نیشتمانە و گواستنەوەیان بۆ نەوەکانی داهاتوو، گرنگترین ئەرکی سەرشانی ئێمەن".
حوسێن گولەر، سەرۆکی یەکێتیی سەما میللییەکانی تورکیا، سوپاسی لایەنە پەیوەندیدارەکانی کرد و گوتی: "ئەمە پڕۆژەیەکی زۆر گەورەیە بۆ وڵاتەکەمان. بە هەموو جیهانی پێشان دەدەین کە کاتێک دەوڵەت و میللەت دەبنە یەک، چەندە بەیەکەوە بەستراوینەتەوە. ئێمە خاوەنداری لە کولتوور و رابردووی خۆمان دەکەین و رێگە نادەین کەس کولتوورمان تاڵان بکات".
رێوڕەسمەکە بە چاودێریی نوێنەرانی گینس دەستیپێکرد. پێنج هەزار سەماکەرەکە بۆ ماوەی سێ خولەک پێکەوە سەمای هۆرۆنیان کرد. دوای هەڵسەنگاندن لەلایەن نوێنەرانی گینس، راگەیێندرا کە ژمارە پێوانەییەکە بەناوی هۆرۆن چووە نێو کتێبی گینسەوە.



