رووداو دیجیتاڵ
تورکیا رەخنەی تووندی کردە سەر ئیسرائیل دوای ئەوەی تەلئەڤیڤ کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکانی لە سەردەمی جەنگی جیهانیی یەکەمدا وەکو "جینۆساید" ناساند؛ ئەنقەرە ئەم هەنگاوەی بە بڕیارێکی "سیاسی" بۆ داپۆشینی تاوانەکانی ئیسرائیل لە قەڵەمدا.
رۆژی یەکشەممە، 28-06-2026، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد: "حکومەتی ئیسرائیل، بە شێوەیەکی سیستماتیک و لەبەرچاوی هەموو جیهان گەلی فەلەستین دەچەوسێنێتەوە، لە دادگەی نێودەوڵەتیی داد بە تۆمەتی جینۆساید دژی خەڵکی غەززە دادگەیی دەکرێت، هەوڵ دەدات لە رێگەی ئەم بڕیارە سیاسییەی سەبارەت بە رووداوەکانی ساڵی 1915 داویەتی، تاوانەکانی خۆی داپۆشێت."
پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا لە دوای هێرشەکانی بزووتنەوەی حەماس لە تشرینی یەکەمی 2023 و هەڵگیرسانی جەنگ لە غەززە، بە شێوەیەکی بەرچاو تێکچوون.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، کە یەکێکە لە داکۆکیکارە سەرسەختەکانی دۆزی فەلەستین، چەندین جار رەخنەی لە "تیرۆریزم"ـی ئیسرائیل لە غەززە گرتووە.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیێندراوەکەیدا جەختی کردەوە "تورکیا بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ کۆتاییهێنان بە سیاسەتە فراوانخوازی و ناسەقامگیرکەرەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا."
جینۆسایدی ئەرمەنەکان (ئەرمەنەکان بە "تاوانی گەورە" ناوی دەبەن)، بۆ ئەو کۆمەڵکوژی و راگوێستنە زۆرەملێیانە دەگەڕێتەوە لە ساڵی 1915 تاوەکو 1917 لە سەردەمی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا دژی نەتەوەی ئەرمەن کراوە.
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان و راپۆرتی زۆربەی وڵاتانی رۆژئاوا، لەو ماوەیەدا نزیکەی 1.5 ملیۆن ئەرمەن گیانیان لەدەستداوە. لە بەرامبەردا، تورکیا وەک میراتگری ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی، بە توندی زاراوەی "جینۆساید" رەتدەکاتەوە و دەڵێت ئەو ژمارەیەی باس دەکرێت زێدەڕۆیی تێدا کراوە.
ئەنقەرە پێی وایە ئەوەی کراوە دەرەنجامی جەنگی ناوخۆیی و پێکدادان بوون هەردوولای تێیدا کوژراون، نەک پلانێکی داڕێژراو بۆ لەناوبردنی ئەرمەنەکان.
تاوەکو ئێستا زیاتر لە 30 وڵات بە فەرمی ئەو رووداوانەیان وەکو جینۆساید ناساندووە، نوێترینیان ئیسرائیلە.


.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)