رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا سەردانی سەرۆکوەزیرانی یۆنان بۆ دوورگەی مێیس بە "پێشێلکردنی رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان" ناودەبات، هاوکات گواستنەوەی لیوایەکی کۆماندۆی لە باکووری کوردستانەوە بۆ کەناراوەکانی دەریای ئیجە راگەیاند.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2026، زەکی ئاکتورک، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە ئەنقەرە رایگەیاند: "سەردانەکەی کیریاکۆس میچۆتاکیس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان بۆ دوورگەی مێیس و بەسەرکردنەوەی هێزە سەربازییەکان لەوێ، لەلایەن ئێمەوە بە وردی چاودێری کراوە."
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، بەپێی رێککەوتننامەی ئاشتیی پاریسی ساڵی 1947، پێویستە دوورگەی مێیس بە بێچەک بمێنێتەوە و گوتی: "جێگیرکردنی هێزی سەربازی، کەشتیی جەنگی و نمایشکردنیان لە دوورگەکەدا، نە لەگەڵ دۆخی یاسایی دەگونجێت و نە خزمەت بە ئاشتی و سەقامگیری دەکات؛ داوا لە یۆنان دەکەین پابەندی رێککەوتننامەکان بێت."
گواستنەوەی کۆماندۆ بۆ ئیجە
هاوکات لەگەڵ ئەم گرژییە دیپلۆماسییەدا، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی تورکیا پشتڕاستی کردەوە کە لیوای 51ـی کۆماندۆ، کە پێشتر لە شارۆچکەی خۆزاتی سەر بە پارێزگای دێرسیم لە باکووری کوردستان جێگیر بوو، بۆ شارۆچکەی سۆکێ لە پارێزگای ئایدن لە کەناراوەکانی دەریای ئیجە گواستراوەتەوە.
وەزارەتەکە ئەم هەنگاوەی بە "پێداویستیی ئەرک و ئۆپەراسیۆنەکانی سوپا" وەسف کرد، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ میدیاکانی یۆنان کە باسیان لەوە کردبوو تورکیا خەریکی پێکهێنانی هێڵێکی سەربازیی نوێیە لە دەریای ئیجە.
رووبەری دوورگەی مێیس 7.5 کیلۆمەتر دووجایە و دانیشتووانەکەی نزیکەی 400 کەسە، بەڵام پێگەیەکی جوگرافیی یەکجار هەستیاری هەیە، چونکە تەنیا دوو کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی شارۆچکەی کاش لە پارێزگای ئەنتاڵیای تورکیاوە دوورە و بەردەوام سەرچاوەی ناکۆکیی نێوان ئەنقەرە و ئەسینا بووە.



