رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایدەگەیێنێت، دوای ئەوەی دڵنیابوونەوە لەوەی پەکەکە بە تەواوی چەکی داناوە، پەرلەمانی وڵاتەکەی هەنگاو و رێکارە یاساییەکان دەگرێتەبەر و دەشڵێت، "دەبێت کۆتایی بەو کێشەیە بهێنین کە 50 ساڵی وڵاتەکەمانی بەفیڕۆ دا."
رۆژی شەممە 20-06-2026 نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە رێوڕەسمی دەرچووانی "قوتابخانەی سیاسەت" لە ئیستەنبووڵ گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، "ناچارین کێشەی تیرۆر کە نزیکەی 50 ساڵی یەکەم سەدەی کۆمارەکەمان بەفیڕۆدا، بەتەواوی کۆتایی پێبهێنین و ئاشتی و برایەتیی تەواو لەم وڵاتەدا بچەسپێنین."
لەبارەی هەنگاوەکانی پەرلەمان بۆ قۆناخی داهاتوو، کورتوڵموش رایگەیاند، دوای ئەوەی دڵنیابوونەوە کە پەکەکە بە تەواوی خۆی هەڵوەشاندووەتەوە و چەکی داناوە، پەرلەمانی تورکیا بەرپرسیارێتیی خۆی جێبەجێ دەکات. گوتیشی: "لەو بڕوایەدام لە ماوەیەکی کورتدا ئەم هەنگاوە بۆ بەدیهێنانی ئامانجی 'تورکیای بێ تیرۆر' دەنرێت."
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا تیشکی خستە سەر کارەکانی "کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" و گوتی، بۆ یەکەمجار لە مێژووی سیاسیی تورکیادا، راپۆرتێک بە کۆی دەنگی هەموو پارتەکان ئامادە کراوە کە نەخشەڕێگەیەک بۆ چارەسەری دەخاتە روو.
دەستووری نوێ و سیاسەتی دەرەوە
نوعمان کورتوڵموش ئاماژەی بەوەدا یەکێک لە کارە لەپێشینەکانیان نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ و مەدەنییە. رایگەیاند: "پێویستە تورکیا خۆی لەو دەستوورانە رزگار بکات کە دوای کودەتاکان ئامادە کراون و دەستوورێکی هاوچەرخ و دیموکراسی دابڕێژێتەوە، کە گوزارشت لە ئیرادەی گەل بکات."
سەبارەت بە پێگەی تورکیا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، کورتوڵموش گوتی: "تورکیا ئێستا وڵاتێکە قسەی بە هەند وەردەگیرێت. لە هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی رووسیا و ئۆکراینا تاوەکو پرسی غەززە، تورکیا لە هەموو شوێنێک قسەی خۆی هەبووە."
پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2024ـەوە دەستی پێکردووە، بەڵام دەم پارتی و پەکەکە دەڵێن، پرۆسەکە خاوە و پێویستی بە هەنگاوی خێراتر و کاریگەرە.


