رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پێشووتری گەورەشارەوانیی ئامەد کە لە زیندان ئازادکرا، سەردانی سەعدییە دەمیرتاش، دایکی سەلاحەدین دەمیرتاشی لە ماڵەکەیدا کرد.
سەلچوک مزراکلی، دوای تەواوکردنی سزاکەی و ئازادبوونی و دوای ئەوەی بە درێژایی رۆژ سەردانی چەند گۆڕستانێکی کرد، سەردانی سەعدییە دەمیرتاش، دایکی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کرد.
مزراکلی، سەرەخۆشیی لە سەعدییە دەمیرتاش کرد بەبۆنەی کۆچی دوایی تاهیر دەمیرتاشی هاوژینی و باوکی سەلاحەدین، کە بەیانییەکەی سەردانی گۆڕەکەشی کردبوو.
سەعدییە دەمیرتاش، بە مزراکلی گوت: "بۆچی بە تەنیا هاتی؟" و مزراکلیش لە وەڵامدا گوتی: "ئەو رۆژانەش دەبینین" و باوەشی پێدا کرد.
جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری دەم پارتی، لەبارەی سەردانەکەوە لە هەژماری خۆیدا نووسیویەتی: "لەگەڵ سەلچوک مزراکلی و زەینەبی هاوژینی، دوای سەردانی گۆڕستانەکان لە ئامەد، بۆ سەرەخۆشی چووینە لای لەیلا زانا لە گوندەکەی لە سیلڤان. دوای قسە و باسێکی درێژ، پاشان سەردانی سەعدییە دەمیرتاش، دایکی بەڕێز سەلاحەدین دەمیرتاشمان کرد، کە خۆشەویستی ملیۆنانە و هەمووان بە پەرۆشەوە چاوەڕێی ئازادییەکەی دەکەن."
جەنگیز چاندار ئەوەشی نووسیوە: "ئەو هەستەی دایە سەعدییە لە کاتی بینینی سەلچوک لەبەر دەرگەی ماڵەکەیدا هەیبوو و ئەو باوەشە گەرمەی پێیدا کرد، ئەستەمە پێناسە بکرێت. چاوەڕێی ئەو رۆژانەین کە باوەش بە کوڕەکانیشیدا بکات."
دکتۆر عەدنان سەلچوک مزراکلی، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا لە ساڵی 2019 وەک هاوسەرۆکی گەورەشارەوانیی ئامەد هەڵبژێردرابوو، بەڵام تەنیا دوای چوار مانگ لە پۆستەکەیدا، لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی تورکیاوە لە کارەکەی دوورخرایەوە و قەییوم لە شوێنی دانرا.
مزراکلی بە تۆمەتی ئەندامبوون و بانگەشەکردن بۆ پەکەکە، دەستگیرکرا. دوای سێ مانگ لە دادگەییکردنی، رەوانەی گرتووخانەی سزا قورسەکانی پارێزگای ئەدیرنە کرا و لەگەڵ سەلاحەدین دەمیرتاش بۆ ماوەی حەوت ساڵ لە یەک ژووردا بوون.


