رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، ئامانجی وڵاتەکەیان لە ناوچەکەدا پەرەپێدان بە گرژییەکان نییە بەڵکو بەهێزکردنی ئاشتی، دادپەروەری، ئاسایش و سەقامگیرییە.
رۆژی شەممە، 20ـی حوزەیرانی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە فەرماندەیی کەشتیگەلی ئیستەنبووڵ، بەشداریکرد لە رێوڕەسمی گەیاندنی کەشتیی سەربازیی کام رۆمان بۆ فەرماندەیی هێزی دەریایی رۆمانیا و گوتارێکی پێشکێشی ئامادەبووان کرد.
لە رێوڕەسمەکەدا، هەریەک لە وەزیری بەرگریی، سوپاسالار و فەرماندەیی هێزەکانی دەریایی رۆمانیا ئامادەی بوون، کەشتیی سەربازیی (Cam Roman) کە لەلایەن پیشەسازیی بەرهەمهێنانی کەشتی و ژێردەریاییەکانی ئیستەنبووڵ دروستکرا، خرایە دەریا و رادەستی فەرماندەیی هێزی دەریایی رۆمانیا کرا.
لە سەرەتای گوتارەکەیدا، سەرۆککۆماری تورکیا گوتی: "لە سەردەمێکی هێندە ئاڵۆزداین ئەوانەی هێزیان نییە، لەسەر مێزی دانوستاندندا جێیان نابێتەوە و رەنگە لە ریزی دواوەدا خۆیان ببیننەوە".
سەرۆککۆماری تورکیا هەناردەی پیشەسازیی بەرگریی ئەم ساڵی وڵاتەکەی لەگەڵ رابردوو بەراورد کرد و گوتی: "23 ساڵ لەمەوپێش کۆی قەبارەی ساڵانە هەناردەی تورکیا دەگەیشتە 248 ملیۆن دۆلار و ئێستا لە هەفتەیەکدا دەگاتە ئەوەندە."
لە باسی "پێشکەوتنی پیشەسازیی بەرگریی تورکیا"، جەختی لە خێرایی و فرەچەشنی بەرهەمەکانی کرد و رایگەیاند، "تاوەکو ئێستا لە جوگرافیای جیاجیادا زیاتر لە 140 چەک و ئامێری دەریاییمان هەناردە کردووە. پیشەسازیی دروستکردنی کەشتی لە وڵاتەکەمان لە مێژووی 103 ساڵەی خۆیدا لە باشترین و پڕبایەخترین رۆژەکانی تەمەنیدایە.
یەکەمجارە تورکیا کەشتیی سەربازیی بە وڵاتێکی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا دەفرۆشێت و بۆ ئەمەش ئەردۆغان رایگەیاند، یەکێک لە وڵاتانەین زۆرترین کەشتی جەنگی دروست دەکەین. بە ئەرکی خۆمانی دەزانین لە توانا و دەرفەتەکانی پیشەسازیی بەرگرییماندا یارمەتیدەری وڵاتانی دۆستمان بین. بەو رێککەوتنەی لەگەڵ رۆمانیا واژۆمان کردووە، بۆ یەکەمجارە لەمێژووی تورکیادا، وڵاتێکی ئەندامی ناتۆ کەشتی سەربازیی بە وڵاتێکی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا بفرۆشێت.
ئەردۆغان گوتی: "ئامانجی تورکیا لە ناوچەکەدا پەرەپێدان بە گرژییەکان نییە، بەڵکو بەهێزکردنی ئاشتی، دادپەروەری، ئاسایش و سەقامگیرییە".


