رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی گەلی کۆماریی تورکیا (جەهەپە)، لەبارەی بڕیاری پێشووتری تایبەت بە هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر سەڵاحەدین دەمیرتاش، رایگەیاند، "پەشیمان نیم."
ئەمڕۆ هەینی 19ی حوزەیرانی 2026 کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە لە بەرنامەیەکی راستەوخۆی کەناڵێکی نزیک لە جەهەپە بەشداریی کرد.
کڵچدارئۆغڵو لە ئەیلوولی 2016 واژۆی لەسەر هەڵگرتنی پارێزبەندی و لێسەندنەوەی متمانە لە سەلاحەدین دەمیرتاش، پەرلەمانتاری ئەو کاتی هەدەپە کرد، کاتێک دۆسیەی تاوانی لەلایەن وەزارەتی دادی تورکیا پێشکێشی پەرلەمان کرا. دواتر پارێزبەندی لێسەندراوەیەوە و لە تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ زیندانی کرا.
لەبارەی هەڵگرتنی پارێزبەندیی سەڵاحەدین دەمیرتاشەوە پرسیار لە کڵچدارئۆغڵو کرا و گوتی، "لایەنگری دۆسیەکان نیم، بەڵام پرەنسیپی من روونە: کاتێک دۆسیەیەک دێتە پەرلەمان، دەبێت پارێزبەندی هەڵبگیرێ و کەسەکە لە دادگەدا بێتاوانیی خۆی بسەلمێنێت. لەپشت بڕیارەکەمەوەم کە لەبارەی سەڵاحەدین داومانە و پەشیمان نیم."
کڵچدارئۆغڵو ئەو تۆمەتانەیشی رەتکردنەوە کە گوایە پێشوەختە ئاگاداری بڕیارەکانی دادگە بووە لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرە و گوتی، "ئەگەر بمزانیبایە بڕیارەکە دەردەچێت، رۆژێک پێشتر ئەو ڤیدیۆیەم بڵاودەکردەوە؟ (پەیامێکی ڤیدیۆیی بوو داوای کرد گەندەڵەکان لە جەهەپە دووربخرێنەوە). ئەگەر بیسەلمێنن رۆژێک چوومەتە دادگە، قسەم لەگەڵ دادوەرێک کردووە یان هەر پەیوەندییەکی گوماناویم هەبووە، سبەی واز لە ئەندامێتی و سەرۆکایەتیی جەهەپە و تەنانەت سیاسەتیش دەهێنم."
کڵچدارئۆغڵو گوتی، "پێویستە جەهەپە لە پیسی پاک بێتەوە. ئەمڕۆش هەمان شت دەڵێم. بە درێژایی مێژوو پێیان گوتووین 'کۆمۆنیست'، 'فاشیست' و 'بێ دین'، بەڵام کەس نەیتوانیوە قسە لەسەر باڵادەستیی رەوشتی جەهەپە بکات. کاتێک کەسێکی جەهەپە قسە دەکات، هەمووان بە وردی گوێی لێدەگرن، چونکە دەزانن لەپشت ئەو کەسەوە هەڵوێستێکی ئەخلاقی هەیە. پارتەکە هەرگیز پیسی قبووڵ ناکات و دەبێت هەموو ئەو رەخنانەی لەسەر بنەمای ئەخلاق دەگیرێن، بە هەند وەربگیرێن."
رۆژی 21ی ئایاری 2026 دادگای ئەنقەرە بڕیاری "پووچەڵکردنەوەی رەها"ی بۆ 38ـەمین کۆنگرەی جەهەپە دەرکرد کە تێیدا ئۆزگور ئۆزەل ببووە سەرۆک. بەو بڕیارە، ئۆزەل و تیمەکەی رەوایەتییان لەدەستدا و کەمال کڵچدارئۆغڵو و ستافە کۆنەکەی گەڕانەوە سەر دەسەڵات. ئەو دۆخەی لەو رۆژەوە دروستبووە جەهەپەی تووشی قەیرانێکی یاسایی و سیاسیی گەورە کردووە.



.jpg&w=3840&q=75)