رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) دەڵێ، دەکرێ پڕۆژەیاسای تایبەت بە پڕۆسەی چارەسەریی پرسی کورد پێش پشووی پەرلەمانی تورکیا پەسندبکرێ؛ هۆشداریش دەدات کە بەفیڕۆدانی کات مەترسی لەسەر پرۆسەکە دروست دەکات.
پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، "لەگەڵ نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمان کۆبووینەوە و باسمان لەوە کرد کە دەرچوونی یاسا پێش پشووی پەرلەمان، پرۆسەکە خێراتر دەکات و سوودی بۆ تورکیا دەبێت. ئێمە باس لە یاسایەکی 7 بۆ 8 مادەیی دەکەین. ئەگەر دوو رۆژ لیژنەکانی پەرلەمان کاری لەسەربکەن و پاشان ببرێتە کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمان، ئەگەر ویست هەبێت، لە 5 رۆژدا کۆتایی دێت."
بوڵدان ئاماژەی بەوە کرد کە کاتێک پرۆسەکە درێژەی پێدەدرێ و کاتی زۆر بەفیڕۆ دەچێ، مەترسییەکان زیاد دەکەن و گوتی، "کەشی شەڕ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەردەوامە. لە نێوخۆی تورکیایشدا کەسانێک هەن دەیانەوێ پرۆسەکە نەگاتە ئەنجام و ئەگەریش هەیە هەوڵی تێکدانی پرۆسەکە بدەن."
ئەو ئەندامەی شاندی ئیمراڵی گوتی، پەکەکە لە پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی خۆیدایە و دەستی بە چەکدانانیش کردووە؛ بوڵدان رایگەیاند، "بەرپرسانی پەکەکە رایانگەیاندووە کە هەنگاوی ئەوان گرێدراوی بڕیار و هەنگاوی ئۆجەلانە. لەو بڕوایەدا نیم کێشەیەک لەوێ دروستبێت. بەڵام بۆ هەبوونی پێشڤەچوون لە پرۆسەی چەکدانان، پێویستە یاسا دەربچێت، نەخشەڕێگەکە بەپێی ئەوە دیاری بکرێت."



.jpg&w=3840&q=75)
