رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا بەرزکردنەوەی کرێی تێپەڕبوونی کەشتییە نێودەوڵەتییەکان لە تەنگەکانی وڵاتەکەی راگەیاند، کە بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
عەبدولقادر ئۆراڵئۆغڵو، وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا رایگەیاند: "لە 1ی تەممووزی 2026ەوە، کرێی تێپەڕبوونی کەشتییە نێودەوڵەتییەکان لە تەنگەکانی تورکیا بۆ هەر تۆنێکی پوخت لە 5.83 دۆلارەوە بۆ 6.70 دۆلار زیاد دەکەین."
وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم نرخانە ساڵانە لە 1ی تەممووزدا بەپێی رێککەوتننامەی مۆنترۆ بۆ بەرێوەبرددنی تەنگەکان (کە لە ساڵی 1936 واژۆکراوە) لەسەر بنەمای یەکەی "فرەنکی زێڕین" -یەکەیەکی ژمێریارییە هاوتای 0.29 گرام زێری بێگەردە- نوێ دەکرێنەوە.
گۆرانکاری کرێی تێپەڕین بە تەنگەکان بۆ یەک تۆن:
- 1983 تاوەکو 2022: 0.80 دۆلار
- ساڵی 2022: 4.08 دۆلار
- ساڵی 2023: 4.42 دۆلار
- ساڵی 2024 : 5.07 دۆلار
- ساڵی 2025: 5.83 دۆلار
- ساڵی 2026: 6.70 دۆلار
بەپێی گوتەکانی وەزیری گواستنەوەی تورکیا، ئەم کرێیە لە کەشتییە نێودەوڵەتییەکان بۆ 3 خزمەتگوزاری سەرەکی (پشکنینی تەندروستی، رووناکی و فریاکەوتن) وەردەگیرێت.
داهاتی ساڵانەی تەنگەکانی تورکیا:
- لە نێوان ساڵانی 2021 تاوەکو 2022 تەنیا 38 ملیۆن دۆلار بووە
- لە نێوان ساڵانی 2024 تاوەکو 2025 گەیشتووەتە 223 ملیۆن دۆلار.
- لە نێوان 1ی تەممووزی 2025 تاوەکو 30ی حوزەیرانی 2026 دەگاتە 254 ملیۆن دۆلار.
ئۆراڵئۆغڵو گوتی:"ئەمە سەرچاوەیەکی گرنگی دراوی بیانی بۆ گەنجینەی دەوڵەت دابین دەکات."
حکومەتی تورکیا لە ساڵی 2022دا دوای نزیکەی چل ساڵ، بڕیاری دا سیستەمی کۆنی فرەنکی زێڕین کە لە رێککەوتننامەی مۆنترۆدا هاتووە نوێ بکاتەوە، چونکە بەهای فرەنکی زێڕین بەهۆی هەڵاوسانی جیهانییەوە کەم ببووەوە و تورکیا زیانێکی زۆری دارایی بەردەکەوت.
ئەم هەنگاوە نوێیەی کەرتی گواستنەوەی دەریایی تورکیا لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتدایە بۆ بەرزکردنەوەی داهاتی ناوخۆیی و راکێشانی زیاتری دراوی قورس، بە تایبەت لەم ساڵانەی دواییدا کە ئابووریی تورکیا پێویستی بە بەهێزکردنی یەدەگی فەرمی و رووبەڕووبوونەوەی کێشە داراییەکان هەیە.
لە تورکیا دوو تەنگەی فەرمی هەن؛ تەنگەی چەناککاڵی کە درێژەییەکەی 68 کیلۆمەترە، تەنگەی ئیستەنبووڵیش درێژییەکەی 30 کیلۆمەتر.
لە ساڵی 2025دا 84 هەزار 640 کەشتی بەو دوو تەنگەیەدا تێپەڕبوونە. لەو ژمارەیەش 40 هەزار 172 کەشتەی بە تەنگەی ئیستەنبووڵ و 44 هەزار 468 کەشتی بە تەنگەی چەناککاڵی دا تێپەڕیون؛ کە نزیکەی 423 ملیۆن تۆن كاڵایان گواستووەتەوە.
.jpg&w=3840&q=75)


