رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا بە سەرپەرشتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری وڵاتەکە لە کۆشکی بێشتەپە کۆدەبێتەوە؛ رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران، پەرەسەندنەکانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و پرۆسەی "تورکیای بێ تیرۆر" لە سەرووی کارنامەی چڕی کۆبوونەوەکە دەبن.
ئەم کۆبوونەوەیە کە سێیەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکەیە لەمساڵدا، لە کاتێکدایە کە پرسی ئاشتیی نێوان واشنتن و تاران وەک گرنگترین بابەتی ناوچەیی سەیر دەکرێت. ئەنقەرە کە لە سەرەتای دەستپێکردنی گرژییەکان لە 28ی شوباتەوە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بۆ چەسپاندنی ئاشتییەکی بەردەوام چڕکردووەتەوە، لەم کۆبوونەوەیەدا تاوتوێی جێبەجێکردنی تەواوی بەندەکانی رێککەوتنەکە و سەرکەوتنی پرۆسەی دانوستاندنەکان دەکات. هاوكات، هەڵوێستە تووندەکانی ئیسرائیل دژ بەم رێککەوتنە و هێرشەکانی بۆ سەر فەڵەستین و لوبنان دەخرێنە بەرباس.
تەوەرێکی دیکە، پرسی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و جموجۆڵەکانی قوبرسی یۆنانییە. ئەنقەرە واژۆکردنی رێککەوتنی سەربازیی نێوان قوبرسی یۆنانی و فەرەنسا و نزیکبوونەوەیان لە ئیسرائیل وەک "ئاگری فیتنە لە دوورگەکەدا" دەبینێت؛ بۆیە لەم کۆبوونەوەیەدا هەنگاوەکانی داهاتوو بۆ پاراستنی ماف و بەرژەوەندییەکانی تورکیا و گەلی قوبرسی تورکی تاوتوێ دەکرێن.
لە لایەکی دیکەوە، باس لە پرۆسەی چارەسەری دەکرێت. چاوەڕوانیش دەکرێت ئامادەکارییەکانی لوتکەی ناتۆ کە بڕیارە لە 7 و 8ی تەممووز لە ئەنقەرە بەڕێوەبچێت، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بن.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی تورکیا بۆ چیە؟
ئەم ئەنجوومەنە بەپێی ماددەی 118ی دەستووری ساڵی 1982ی تورکیا دامەزراوە؛ دامەزراوەیەکی دەستووریی باڵایە کە ئەرکی داڕشتن، دیاریکردن و جێبەجێکردنی نەخشەڕێگە و سیاسەتەکانی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیای لەئەستۆدایە. ئەنجوومەنەکە لە دۆخی ئاساییدا، دوو مانگ جارێک بە شێوەیەکی خولی کۆدەبێتەوە. بەڵام لە کاتی پێویستدا، لەسەر داوای سەرۆککۆمار دەکرێت کۆبوونەوەی نائاسایی و بەپەلە بکات. کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنەکە بە سەرۆکایەتیی سەرۆککۆمار بەڕێوەدەچێت و ئەندامانی بریتین لە جێگرانی سەرۆککۆمار، وەزیری داد، وەزیری دەرەوە، وەزیری ناوخۆ، وەزیری بەرگری، سەرۆکی ئەرکانی سوپا و فەرماندەکانی هێزی وشکانی، دەریایی و ئاسمانی.


.jpg&w=3840&q=75)