رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای پێداچوونەوەی تورکیا، لەسەر داوای باڵی کەمال کڵچدارئۆغڵو، دەرکردنی 9 پەرلەمانتاری جەهەپە-ی پەسندکرد. بەو بڕیارەش ژمارەی پەرلەمانتارانی جەهەپە لە پەرلەمانی تورکیا بۆ 129 پەرلەمانتار کەمبووەوە.
رۆژی 10ـی حوزەیرانی 2026، ململانێ نێوخۆییەکانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) پێی نایە قۆناخێکی نوێوە. ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتەکە بە سەرۆکایەتیی کەمال کڵچدارئۆغڵو، بڕیاری دا 9 پەرلەمانتار رەوانەی لیژنەی دیسیپلین بکات بە مەبەستی دەرکردنی یەکجارییان لە پارتەکە. ئەنجوومەنەکە هەروەها دۆسیەکەی بۆ دادگەی باڵای پێداچوونەوەی تورکیا بەرز کردەوە بۆ ئەوەی دەرفەتی گەڕانەوەیان بۆ جەهەپە نەمێنێتەوە.
ناوی ئەو پەرلەمانتارانەی لە فراکیسیۆنی جەهەپە دەرکران:
1. ئەنسار ئایتەکین
2. عەلی ماهیر باشاریر (بریکاری سەرۆکی فراکسیۆن)
3. گۆکهان گونایدن (بریکاری سەرۆکی فراکسیۆن)
4. نورهایات ئاڵتاجە کایشئۆغڵو
5. ئۆزگور کارابات
6. ئوموت ئاکدۆغان
7. وەلی ئاکبابا
8. توران تاشکن ئۆزەر
9. بورهانەدین بوڵوت
هەریەک لە عەلی ماهیر باشاریر و گۆکهان گونایدن کە بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە بوون ئەوانیش لە دەرکراوەکاندان. بەمەش فراکسیۆنەکە پێویستە لە هەفتەیەکدا دوو بریکاری سەرۆکی فراکسیۆن دەستنیشان. دیاریکردنی بریکارانی سەرۆکی فراکسیۆن لە دەسەڵاتی سەرۆک و ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی جەهەپە-ی باڵی کڵچدارئۆغڵودایە.
لەکاتێکدا لیژنەی دیسپلین هێشتا دۆسیەی ئەو پەرلەمانتارانەی تاوتوێ نەکردووە، دادگەی باڵای پێداچوونەوەی تورکیا، لەسەر داوای کەمال کڵچدارئۆغڵو ئەو 9 پەرلەمانتارەی دەرکرد و ناوەکانیانی لە فراکسیۆنی جەهەپە سڕییەوە.
ئوموت ئاکدۆغان، پەرلەمانتاری جەهەپە لە ئەنقەرە و یەکێک لەو پەرلەمانتارانەی لە پارتەکەی دەرکرا، لە هەژماری سۆشیاڵ میدیای خۆیدا رایگەیاند، لە رێگەی سیستمی "e-Devlet"ـەوە بینیویەتی ئەندامێتییەکەی لە حیزبەکەدا نەماوە.
ئاکدۆغان، رەوانەکردنیان بۆ لیژنەی دیسپلینی بە "نایاسایی" ناوبرد و گوتی، مافی تانەلێدانیان هەیە و ئەندامێتییان بەو شێوەیە ناسڕدرێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، جەلال چەلیک، پارێزەری کەمال کڵچدارئۆغڵو، بڕیارەکەی بە رێکارێکی یاسایی و ئاسایی ناوبرد.
چەلیک گوتی، سکرتاریەتی گشتیی جەهەپە بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی (باڵی کڵچدارئۆغڵو) بۆ دەرکردنی ئەو پەرلەمانتارانەی ئاراستەی دادگەی باڵا کردووە و بەهۆی ئەوەی بڕیارەکە "رێکاری پێشوەختە"ی لەگەڵدایە، سڕینەوەی تۆماری ئەندامێتییان تاوەکو تەواوبوونی لێکۆڵینەوەی دیسپلینی، کارێکی ستانداردە.
چاوەڕوان دەکرێت دوای ئەوەی بڕیارەکەی دادگەی باڵا دەگاتە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا، لە ماڵپەڕی فەرمیی پەرلەماندا زانیاریی ئەو 9 پەرلەمانتارە وەک "پەرلەمانتاری سەربەخۆ" نوێبکرێتەوە.
دوای بڕیارەکە، ژمارەی پەرلەمانتارانی جەهەپە لە 138ـەوە بۆ 129 پەرلەمانتار کەمبووەوە.
رۆژی 21ی ئایاری 2026، دادگایەکی ئەنقەرە بڕیاری "پووچەڵکردنەوەی رەها"ی بۆ 38ـەمین کۆنگرەی جەهەپە دەرکرد کە تێیدا ئۆزگور ئۆزەل ببووە سەرۆک. بەو بڕیارە، ئۆزەل و تیمەکەی شەرعییەتیان لەدەستدا و کەمال کڵچدارئۆغڵو و ستافە کۆنەکەی گەڕانەوە سەر دەسەڵات، ئەوەش جەهەپەی تووشی گەورەترین قەیرانی یاسایی و سیاسیی کردووە.
.jpg&w=3840&q=75)

