رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیارێکی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، پلەی توغچە ئۆرهان، ئەو خانمە بەرپرسەی بەهۆی جوانییەکەیەوە بە "قایمقامە باربییەکە" دەناسرێت، بەرزکرایەوە و وەک جێگری پارێزگاری بوردور دەستنیشانکرا.
بەگوێرەی ئەو بڕیارانەی بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، 17ـی حوزەیران، لە رۆژنامەی فەرمیی تورکیادا بڵاوکراونەتەوە، توغچە ئۆرهان کە پێشتر قایمقامی قەزای لادیکی سەر بە پارێزگای سامسۆن بوو، پۆستێکی باڵاتری پێدرا و گواسترایەوە بۆ پارێزگای بوردور وەک جێگری پارێزگار.
توغچە ئۆرهان، تەمەن 31 ساڵ، لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە بە وەکالەت ئەرکی قایمقامی لادیکی وەرگرتبوو، بەڵام لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا بە فەرمانی سەرۆککۆمار بووە هەمیشەیی. ئەو خانمە بەرپرسە تەنیا بەهۆی شێواز و دەرکەوتنە سەرنجڕاکێشەکانی کە نازناوی "باربی"یان پێبەخشیوە ناسراو نییە، بەڵکو لە ماوەیەکی کەمدا بەهۆی نزیکی لە خەڵک و کارەکانی، بووەتە کەسایەتییەکی خۆشەویست لای دانیشتووانی ناوچەکە.
قایمقامە باربییەکە کێیە؟
توغچە ئۆرهان، ساڵی 1995 لە شاری خارپێتی باکووری کوردستان لەدایکبووە. خوێندنی زانکۆی لە بەشی زانستە سیاسییەکان و بەڕێوەبردنی گشتی لە زانکۆی فورات بە پلەی یەکەم تەواو کردووە و دواتر هەر لەو زانکۆیە بڕوانامەی ماستەری لە هەمان بواردا بەدەستهێناوە.
کاروانی کارگێڕیی ئۆرهان دوای سەرکەوتنی لە تاقیکردنەوەکانی وەزارەتی ناوخۆ دەستیپێکردووە. لە چەندین شاری وەک خارپێت، ئەنقەرە، دوزجە و بۆڵو پۆستی جیاوازی هەبووە، بە وەکالەت قایمقامی قەزای سێبێنی سەر بە بۆڵو بووە. جگە لەوەش، بۆ ماوەیەک لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا خولی زمانی بینیوە و لێکۆڵینەوەی لەسەر سیستەمی کارگێڕیی ئەو وڵاتە کردووە.
ئۆرهان ئێستا یەکێکە لە گەنجترین ئەو خانمە بەرپرسانەی تورکیا کە لە تەمەنێکی کەمدا پلەی باڵای کارگێڕییان پێدراوە و وەک جێگری پارێزگار دەستبەکار دەبێت.


