رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، کارەکانی پەیوەست بە "پاکێجی دوانزەیەمی دادوەری" و پرۆسەی چارەسەری بە تەواوی لە یەکدی جیاوازن و بە شێوەیەکی سەربەخۆ بەڕێوەدەچن. راشیگەیاند، پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری راستەوخۆ لەژێر چاودێری و دەسەڵاتی پەرلەماندایە.
ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا رۆژی دووشەممە 15-06-2026 دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، لە ئەنقەرە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە، سەبارەت بە ئەگەری بوونی بڕگەی تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی لەناو پاکێجی نوێی دادوەریدا و گوتی، "پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر لەلایەن پەرلەمانەوە بەڕێوەدەبرێت، ئامادەکاریی چڕوپڕی پەرلەمانیش بەردەوامە بۆ پێدانی شێوازی کۆتایی بە پاکێجی 12یەمینی دادوەری. ئەم کارانە سەربەخۆ لە یەکدی پێش دەکەون و هەریەکەیان ههنگاوی زۆر گرنگن بۆ چارەسەرکردنی کێشە جیاوازەکانی وڵاتەکەمان."
روونکردنەوەکانی وەزیری داد، ئەکن گورلەک وەڵامێکە بۆ ئەو دەنگۆیانەی دەیانگوت، حکومەت دەیەوێت لە رێگەی پاکێجە ئاساییەکانی چاکسازیی دادوەرییەوە گۆڕانکاری لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر یان سزای زیندانیانی سیاسی و چەکداراندا بکات.
پێشتر نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاندبوو، نەخشەڕێگەی پرۆسەی چارەسەری لەسەر بنەمای راپۆرتی "لیژنەی نیشتمانیی هاوپشتی، برایەتی و دیموکراسی (ناسراو بە کۆمیسیۆنی ئاشتی)" لەناو پەرلەمان و بە شێوەیەکی فرەلایەن و هاوتەریب لەگەڵ پرسی چەکدانانی پەکەکە بەڕێوەدەچێت، نەک وەک پڕۆژەیاسایەکی تەکنیکیی وەزارەتی داد.
بڕیارە پاکێجی 12یەمینی دادوەری زیاتر تیشک بخاتە سەر چاکسازیی پێکهاتەیی دادگاکان و پرسی پاراستنی مافی منداڵان.




