رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا پێشوازی لە شاندێکی دەم پارتی کرد. لە کۆبوونەوەکەدا هەنگاوە یاساییەکانی پرۆسەی "تورکیایەکی بێ تیرۆر" و راپۆرتی کۆمیسیۆنی ئاشتی تاوتوێ کران.
رۆژی سێشەممە 16-06-2026 نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە نووسینگەی خۆی لە پەرلەمان پێشوازی لە پەروین بوڵدان، جێگری سەرۆکی پەرلەمان (پەرلەمانتاری وان) و مەدحەت سانجار (پەرلەمانتاری رووها) کرد، کە وەک ئەندامانی شاندی ئیمراڵی ناسراون.
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، لە دیدارەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ ئەو رێکارانە کراوە کە لە راپۆرتی "کۆمیسیۆنی هاوسۆزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" (کۆمیسیۆنی ئاشتی) ئاماژەیان پێکراوە.
هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە تاوەکو ئێستا لە چوارچێوەی پرۆسەکەدا پێشکەوتنی گرنگ بەدەستهاتوون. کورتوڵموش و شاندی دەم پارتی هاوڕابوون لەسەر ئەوەی پێویستە قۆناخەکانی داهاتووی پرۆسەی "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەژێر چەتری پەرلەمان و بە هەنگاوی یاسایی کۆنکرێتی بگەنە وێستگەی کۆتایی.
پێشوازیی نوعمان کورتوڵموش لە شاندی دەم پارتی، دوای چەند رۆژێک دێت لە لێدوانەکانی کە تێیدا داوای کردبوو "یاسای چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی" پێش پشووی هاوینی پەرلەمان (لە 15ـی تەممووزدا) پەسند بکرێت.
ئەم پرۆسەیە لەسەر بنەمای نەخشەڕێگەیەکی 7 مادەیی بەڕێوەدەچێت؛ لە لایەک پرسی چەکدانانی پەکەکە لەسەر مێزەکەیە و لە لایەکی دیکەشەوە دەم پارتی داوای گەرەنتیی یاسایی و دیموکراسی لە دەوڵەت دەکات بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە.




