رووداو دیجیتاڵ
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رایدەگەیێنێت، پێویستە هەڵبژاردنەکان لە کاتی دیاریکراوی خۆیاندا بکرێن. دەشڵێت، تاوەکو ئەردۆغان لەسەر کار بێت، باسکردنی ناوی بەربژێری دیکە "کارێکی راست نییە."
رۆژی سێشەممە، دەوڵەت باخچەلی لەدوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە.
لەبارەی مشتومڕەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردنی پێشوەختە و گوتەکانی محەممەد ئوچوم، راوێژکاری باڵای سەرۆککۆماری تورکیا کە 16ی نیسانی 2028ی وەک رێککەوتی هەڵبژاردن دیاریکردبوو، باخچەلی گوتی، "هیچ جیاوازییەک لەنێوان هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا و ئەو رێککەوتەی دیاریکراوە نییە؛ گرنگترین بابەت ئەوەیە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت."
سەرۆکی مەهەپە رەخنەی تووندی لەو کەناڵە میدیاییانە گرت کە لە ئێستاوە باس لە ناوی بەربژێری جیاواز بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار دەکەن و وای نیشان دەدەن وڵاتەکە بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە دەچێت.
باخچەلی پشتگیریی تەواوی خۆی و پارتەکەی بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان دووپات کردەوە و رایگەیاند، "مشتومڕ لەسەر ناوی بەربژێری نوێ لە کاتێکدا سەرۆککۆمار لەسەر کارەکەیەتی، کارێکی راست نییە."
ئەم لێدوانەی باخچەلی لە کاتێکدایە، لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی تورکیا جاروبار داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن، بەڵام هاوپەیمانیی کۆمار (ئاکەپە و مەهەپە) جەخت لە تەواوکردنی خولی یاسایی ئێستای سەرۆکایەتیی کۆمار دەکەنەوە.




