سەرۆککۆماری تورکیا خۆشحاڵی خۆی بەرامبەر رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران نیشان دا و رایگەیاند، هەوڵی دروستکردنی فیتنەیەکی نوێ لە نێوان تورک، عەرەب، کورد و فارس هەرەسی هێنا.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەدوای کۆبوونەوەی کابینەی کۆماری کە دوای نیوەڕۆی دووشەممە 15-6-2026 لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکێشکرد.
لە بەشێکی گوتارەکەیدا ئەردۆغان باسی رێککەوتنی ئەمریکا و ئێرانی کرد و گوتی: "لەو قەیرانەی ناوچەکەمان و جیهانی گەیاندبووە لێواری هەڵدێر، سوپاس بۆ خوا کە تەنانەت لووتی یەک هاووڵاتیشمان بە خوێندا نەهات".
بە گوتەی ئەردۆغان هەوڵێکی جددیی هەبوو بۆ دروستکردنی "ئاژاوە" لە نێوان نەتەوەکانی ناوچەکە و گوتی: "پیلانی شکاندنی برا لەلایەن براکەیەوە بە ئامانج نەگەیشت. هەوڵی دروستکردنی فیتنەیەکی نوێ لە نێوان تورک، عەرەب، کورد و فارس هەرەسی هێنا".
سەبارەت بە رێککەوتنی ئێران و ئەمریکا، ئەردۆغان رایگەیاند: "تورکیا رۆڵی لەو رێککەوتنەدا هەبووە". گوتیشی: "بێگومان ئەو خاپوورکارییە مەترسیدارانە، کوژرانی منداڵانی بێتاوان لە ناو پۆل و ژێرپێکردنی مافی نێودەوڵەتی لەبیرناکەین، بەڵام لەو باوەڕەداین ئیدی پەڕاوی ئەم جەنگە بێ مانایەی گیانی هەزاران سڤیلی بێتاوانی برد، داخرا".
رەجەب تەیب ئەردۆغان هەروەها هیوای خواست ئەو رێککەوتنە ئاشتی هەمیشەیی بەدوای خۆیدا بهێنێت؛ سوپاسی شاندی دانوستاندکاری ئەمریکا و ئێرانی کرد و سوپاسی پاکستانیشی کرد کە ئەرکی نێوەندگیرییان بەجێگەیاند.
رۆژی شەممە، 13ی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بڕیارە رێککەوتننامەی ئاشتی لەنێوان ئەمریکا و ئێران بە فەرمی واژۆ بکرێت و دەستبەجێ تەنگەی هورمز بکرێتەوە.
بڕیارە هەینیی داهاتوو رێککەوتنەکەی نێوان ئێران و ئەمریکا لە جنێڤی سویسرا واژۆ بکرێت.




