دەم پارتی بە تووندی وەڵامی ئەرکان باش، سەرۆکی پارتی کرێکاری تورکیا (تیپ) دەداتەوە کە گوتبووی "پێناچێت لەسەر بەربژێرێکی کورد رێکبکەون."
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی ئەو گوتەیە بە "بەدبەختی" ناودەبات و پەرلەمانتارێکی دیکەی پارتەکەش دەڵێت: "سازش لەسەر هیچ شتێک ناکەین جەماوەرەکەمان تووڕە بکات."
لە رۆژی هەینی، 12-06-2026ـەوە، کاردانەوەکانی ناوخۆی دەم پارتی و جەماوەری کورد لە دژی ئەرکان باش، سەرۆکی پارتی تیپ بەردەوامن. ئەمەش دوای ئەوەی ئاماژەی بەوە کردبوو کە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆککۆمار، رەنگە نەتوانن لەسەر بەربژێرێکی کورد رێکبکەون.
سەرۆکی پارتی کرێکاری تورکیا (تیپ) لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری بەستنی هاوپەیمانیی نوێ لەگەڵ دەم پارتی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار، رایگەیاند کە پێناچێت لەسەر بەربژێرێکی کورد رێکبکەون. ئەو گوتەیە کاردانەوە و ناڕەزایی لێکەوتووەتەوە. بەتایبەتی کوردی نیگەران کردووە.
تەمەللی: شوێنەواری خراپ لە هزری خەڵکدا جێدەهێڵێت
سەزایی تەمەللی، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی بە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "ئەو گوتەیەی سەرۆکی پارتی کرێکاری تورکیا بەدبەختییە. ئەگەرچی ئەو داوای لێبووردنی کرد و گوتەکەی راستکردەوە، بەڵام ئەمە پاشماوەی خراپ لە هزری خەڵکدا جێدەهێڵێت."
تەمەللی ئاشکرای کرد کە ئەرکان باش پەیوەندیی بە پارتەکەیانەوە کردووە و نیگەرانیی خۆی نیشانداوە بەوەی "بە هەڵە لە گوتەکانی تێگەیشتوون."
سەبارەت بە داهاتووی هاوپەیمانیی نێوانیشیان، تەمەللی گوتی: "هێشتا ئەم بابەتەمان نەخستووەتە رۆژەڤ، ئەگەر کاتی هات، تاوتوێی دەکەین کە لەگەڵ کێ و چۆن هاوپەیمانی دەکەین."
سرری ساکک: سازش لەسەر هەستیاریی خەڵک ناکەین
لەلایەکی دیکەوە، سرری ساکک، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئاگری، بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە وەکو دەم پارتی گرنگی بە هاوپەیمانیی رەنج و ئازادییەکان دەدەین، بەڵام بەرامبەر هەستیاریی خەڵکی خۆمان وریایین. ئەوان (تیپ) ناتوانن شتێک بڵێن کە ئەو خەڵکە تووڕە بکات."
ساکک جەختی کردەوە کە "ماوەی 100 ساڵە ئێمە خەبات و شەڕ لەم پێناوەدا دەکەین، بۆیە بە روونی دەڵێین؛ سازش لەسەر هیچ شتێک ناکەین کە جەماوەرەکەمان تووڕە بکات."
بێشتاش: کورد چواریەکی تورکیایە و مافی خۆیەتی ببێتە سەرۆککۆمار
مەرال دانش بێشتاش، پەرلەمانتاری دەم پارتی، گوتەکانی سەرۆکی تیپی بە "بەردەوامیی سیاسەتی جیاکاری و پەراوێزخستنی کورد" وەسف کرد و گوتی: "لانیکەم چواریەکی تورکیا کوردن. بێگومان دەتوانین ببینە بەربژێری سەرۆککۆمار و بگەینە پلە و پۆستە باڵاکان. پێویستە ئەم بیرکردنەوە و دیدگەیە بگۆڕدرێت."
ئەرکان باش داوای لێبووردنی کرد
دوای شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان، ئەرکان باش لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بە پەندێکی کوردی (بریندار برینی خۆی دەزانێت) داوای لێبووردنی کرد و نووسی: "ئەگەر زیانم بە هەستی برایانی هاوسەنگەری کوردم گەیاندبێت، دڵتەنگی خۆم دەردەبڕم. مەبەستی من ئەوە بووە کە بزووتنەوەی کورد رەنگە بەرنامەیەکی تایبەت بە خۆی هەبێت، دەنا بۆ ئێمە نەتەوە و زمان بۆ بەربژێری هاوبەش هیچ جیاوازییەکی نییە."
پارتی کرێکاری تورکیا (تیپ) لە هەڵبژاردنی 2023دا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنە کوردییەکاندا، چوار کورسیی پەرلەمانی بەدەستهێنا.
ئەو پارتە خاوەن ئایدۆلۆژیایەکی مارکسی و سۆسیالیستییە. ساڵی 2017 دامەزراوە و ئەرکان باش ئێستا سەرۆکایەتیی دەکات.




