رووداو دیجیتاڵ
ئەحمەد تورک، سیاسەتڤانی کورد و سەرۆکی پێشووی گەورەشارەوانیی مێردین رایگەیاند، لەنێو کۆمەڵگەدا بێمتمانەیی بەرامبەر بە پرۆسەی ئاشتی زیاد دەکات و گوتی: ''بێگومان بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە ببێتە ئاشتییەکی هەمیشەیی، ئێمە وەک کورد و سیاسەتی کوردی بە ئارامییەوە چاوەڕێ دەکەین. ئەو لایەنەی ئەم پرۆسەیە تێکدەدات، کورد نابێت.''
لە دووەم رۆژی کۆنفرانسی ''گۆڕانی دیموکراسیی کۆمار لە سەدەی دووەمدا'' لە ئیستەنبووڵ بەردەوامە. ئەحمەد تورک، سەرۆکی گەورەشارەوانیی مێردین، ئەمڕۆ یەکشەممە 14ـی حوزەیرانی 2026، لە پانێڵێکی بەناونیشانی ''سیاسەتی دیموکراسی و هێزی کۆمەڵگە'' گوتارێکی پێشکێشکرد و باسی لە ئەزموونی سیاسیی خۆی و پرۆسەی ئێستای چارەسەری کرد.
تورک، وەڵامی ئەو کەسانەی دایەوە کە دەپرسن ''کورد چی دەوێت؟'' و گوتی: ''نموونە لە ژیانی خۆم دەهێنمەوە. من منداڵی خێزانێکم کە لە کوردستان خاوەنی زەوییەکی بەرفراوانە. بەڵام ناسنامە و زمانم نییە. گەلەکەم بە هەبوون دانەنراوە. کەواتە پرسی کورد منم. من دەڵێم پرسی کورد لێرەدایە."
ئەحمەد تورک، باسی لە یادەوەرییەکی خۆی لە ساڵی 1993 لەگەڵ تورگوت ئۆزال، هەشتەمین سەرۆککۆماری تورکیا (1989-1993) کرد. ئاماژەی بەوەدا، پێش ئەوەی بۆ بینینی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بچنە شام، سەردانی ئۆزالیان کردووە. ئۆزال لەبارەی سەردانەکەوە پێی گوتوون: ''چوونی ئێوە لە دەستی خۆتاندایە. بەڵام ئەگەر چوون، بەو (ئۆجالان) بڵێن؛ 'بە چەک چارەسەری نابێت. پێویستە سیاسەتی دیموکراسییی پەرەی پێبدرێت. پێویستە مرۆڤ بەدوای سیاسەتێکی رێککەوتندا بگەڕێت. من وەک سلێمان دەمیرەل (سەرۆکوەزیرانی ئەوکات 1991-1993 کە دوای ئۆزال بووە نۆیەمین سەرۆککۆماری تورکیا) ترسنۆک نیم. با هەموو کەس بێت، داواکاریی خۆی پێشکێش بکات، زەرفەکە بە داخراوی دەمێنێتەوە. ئەگەر ئەوان (ئەندامانی پەکەکە) لە 5 ساڵدا هیچ تاوانێک نەکەن، ئەو زەرفانە لەناودەبرێن."
ئەحمەد تورک، سەرنجی خستە سەر پرۆسەی دوای 27ی شوبات (یەکەم پەیامی ئۆجەلان کە داوای چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە کردبوو) و رایگەیاند، سەرەڕای کۆبوونەوەکان لە ئاستی باڵادا، هێشتا نەخشەڕێ و چاوەڕوانییەکانی دەوڵەت روون نین.
گوتی: ''بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە ببێتە ئاشتییەکی هەمیشەیی، ئێمە وەک کورد و سیاسەتی کوردی بە ئارامییەوە چاوەڕێ دەکەین. ئەو لایەنەی ئەم پرۆسەیە تێکدەدات، کورد نابێت. بەڵام دەبینین لەنێو کۆمەڵگەدا بێمتمانەیی زیاد دەکات. هیوادارم ئەم پرۆسەیە بە سەرکەوتن بگات."
ئەحمەد تورک لە کۆتایی قسەکانیدا داوای لە دەسەڵات کرد بۆ داهاتووی گەلی کورد و تورک، ئەو پرۆژانە پەرەپێبدەن کە پێکەوەژیان مسۆگەر دەکەن.
پرۆسەی چارەسەری پرسی کوردی لە تورکیا لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2024ـەوە دەستی پێکردووە، بەڵام دەم پارتی و پەکەکە دەڵێن، پرۆسەکە خاوە و پێویستی بە هەنگاوی خێراتر و کاریگەرە.


