رووداو دیجیتاڵ
ئەحمەد تورک، سیاسەتڤانی دیاری کورد دەڵێ، هەرچەندە پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا نەگەیشتووەتە بنبەست، بەڵام متمانەی گەلی کورد بەو پرۆسەیە کەمبووەتەوە؛ دەشڵێت: "تاوەکو ئێستا حکومەتی تورکیا بۆ داواکارییەکانی گەلی کورد وەڵامی کردەیی نەداوەتەوە."
رۆژی شەممە، 13ـی حوزەیرانی 2026، لە شاری ئیستەنبووڵ کۆنفرانسێکی دوو رۆژە لەژێر ناوی (گۆڕانکاری بەرەو کۆماری دیموکراسی لە سەدەی دووەم) دا بە دەسپێشخەریی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و کۆنگرەی دیموکراسی گەلان (HDK) دەستیپێکرد. کۆنفرانسەکە کە لە ناوەندی کولتوور و هونەری (جەم کاراجا) بەڕێوەدەچێت و دەیان نووسەر، سیاسەتڤان، رۆشنبیر و چالاکڤانی مافی مرۆڤی ئامادەن بۆ تاوتوێکردنی ئاسۆکانی چارەسەریی کێشەی کورد و دیموکراسی لە تورکیا.
ئەحمەد تورک: حکومەت هیچ زانیارییەکمان پێ نادات
ئەحمەد تورک، کە خۆی پێشتر هاوسەرۆکی شارەوانی مێردینی باکووری کوردستان بوو و قەیووم لە شوێنی دانراوە، لە لێدوانێکدا بۆ عومەر سۆنمەز، پەیامنێری رووداو، تیشکی خستە سەر هەنگاوەکانی حکومەت لە بابەتی پرۆسەی چارەسەری و گوتی: "گەلی کورد لە پێناو ئاشتی و برایەتیی گەلان هەنگاوی بەرچاوی ناوە، بەڵام تا ئێستا حکومەتی تورکیا بۆ ئەم پرۆسەیە هیچ وەڵامێکی نەداوینەتەوە. پڕۆژەکە چییە؟ دەیانەوێ چی بکەن؟ هیچ نازانین ."
ئەحمەد تورک گوتی: "دەمانەوێ ئاگادارمان بکەنەوە کە چییان لەبەردەستە و دەیانەوێ چی بکەن".
ئەو سیاسەتڤانەی کورد جەختی لەوە کردەوە کە چارەسەری تەنیا لە بێدەنگکردنی چەکەکاندا نییە و گوتی: "گەلی کورد نەتەوەیەکە کە لە رووی ناسنامە، زمان و کولتوورەکەیەوە هیچ هەنگاوێکی بۆ نەنراوە. ئێمە دەڵێین کورد و تورک بران، بەڵام هەنگاوەکانی برایەتی نابینین. نامانەوێ جارێکی دیکە بگوترێ کە گەلی کورد ئەم پرۆسەیەی تێکدا، بەڵام پێویستە دەسەڵات بزانێت کە ئارامگرتنی گەل نەماوە."
بێشتاش: حکومەت هەنگاوی پێویستی کەم ناوە
لای خۆیەوە مێرال دانش بێشتاش، پەرلەمانتاری دەم پارتی و هاوگوتەبێژی (کۆنگرەی دیموکراسی گەلان) ئاماژەی بەوە کرد کە ساڵ و نیوێکە گوشارێکی زۆر لەسەر دیموکراسی و ئۆپۆزیسیۆن هەیە. بێشتاش باسی لە "یاسای چوارچێوە" کرد و گوتی: "ئەم یاسایە ماوەیەکی درێژە لە رۆژەڤدایە و زۆریش دواکەوتووە".
بێشتاش پەردەی لە سەر هەندێک نهێنی لادا و گوتی: " ئەم یاسایا زۆر دوا کەوتووە ،بەڵام ئەم دواکەوتنە لە ئەستۆی ئێمە (دەمپارتی)نییە، دەسەڵات هیچ هەنگاوێک نانێت."
ئەو پارلەمانتارەی دەمپارتی کە هاوکات ئەندامی پێشووی لیژنەی هەموارکردنەوەی دەستووری تورکیا بوو، گوتی : "سەرجەم پارتەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن واژۆیان لەسەر راپۆرتی تایبەت بە یاسای چوارچێوە کردووە، بەڵام ئێستا هەندێکیان دەستیان قورسە و هەندێکی دیکە بیانوو دەهێننەوە و پەرچەکردار نیشان دەدەن".
مەرال بێشتاش گوتی، دەبێت پێش ئەوەی پەرلەمان بچێتە پشووی هاوینەوە، ئەم یاسایە دەربچێت بۆ ئەوەی رێگە بۆ سیاسەتی دیموکراسی بکرێتەوە.
بێشتاش جەختی لە پرسی زیندانیانی سیاسی کردەوە و رایگەیاند: "ناکرێ باس لە دیموکراسی بکرێ، کاتێک سیاسەتمەدارانی وەک سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ لە زینداندان. دەبێت لە چوارچێوەی ئەم یاسایەدا ئازادکردنی ئەوانیش جێگیر بکرێ و ئەو گەریلایانەی چەکیان داناوە بتوانن بگەڕێنەوە و سیاسەت بکەن."
ئۆلووچ: هیچ رەشنووسێکی فەرمی لەبەردەست نییە
سەبارەت بە وردەکارییە یاساییەکانی نێوان لایەنەکان، سارۆهان ئۆلووچ، پەرلەمانتاری دەم پارتی رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا دەسەڵات هیچ رەشنووسێکی فەرمی یاسای چوارچێوەی پێشکێشی ئێمە نەکردووە".
ئۆلووچ باسی لەوە کرد کە "ئامادەکاریی خۆمان کردووە و پێشنیازەکانی بەڕێز ئۆجەلانمان وەرگرتووە. ئێستا گەڕێکی کۆبوونەوەمان لەگەڵ ئاکپارتی و پارتەکانی دیکە دەستپێکردووە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی بەرایی."
لەبارەی نێوەرۆکی کۆبوونەوەکان، ئۆلووچ گووتی: "هەندێک خاڵی کێشەلەسەر و ناڕوون هەن، ئەوانە تاوتوێ دەکرێن".
بە گوتەی ئەو پارلەمانتارە "لە راپۆرتی هاوبەشی کۆمیسیۆنی پەرلەمان، لە بەشی شەشەمدا رێککەوتن لەسەر ئەمە هەبوو کە یاسایەک دەربچێت، واتە لەسەر پێویستیی ئەم یاسایە و چوارچێوەکەی کۆدەنگی هەبوو". ئۆلووچ ئاشکرای کرد کە "ئێستا لە قۆناخی نووسینەوەی مادەکاندا پێویستیمان بە گفتوگۆی زیاترە".
ئۆلووچ ئاماژەی بەوەش کرد کە ئۆپەراسیۆن و گوشارەکانی سەر پارتی گەلی کۆماری (CHP) کاریگەری نەرێنی لەسەر کەشی سیاسی وڵات و پرۆسەی چارەسەری دەبێت، بەڵام جەختی کردەوە کە "ئێمە بەردەوامین و کار دەکەین بۆ ئەوەی پێش پشووی هاوینی پەرلەمان، یاساکە دەربچێت."
کۆنفرانس کۆماری دیموکراسی لە سەدەی دووەمدا کە بە گوتاری گولتەن کشاناک و رەزا تورمەن، دادوەری پێشووی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا دەستیپێکرد، دوو رۆژ بەردەوام بێت. چاوەڕوان دەکرێ لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا بەیاننامەیەک بڵاوبکرێتەوە کە تێیدا داوا لە دەسەڵاتی تورکیا دەکرێ هەنگاوی بوێرانە و یاسایی بۆ ناسنامەی کورد و دیموکراسیکردنی تورکیا بنێت.


