رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتاری دەم پارتی رایگەیاند، چارەسەریی قەیرانەکانی تورکیا لە ئیمراڵییە و دەڵێت، "پێویستە دەستبەجێ دۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دیاری بکرێت و ئاستەنگییەکانی بەردەمی لاببرێن."
رۆژی پێنجشەممە، 11ی حوزەیرانی 2026، لقی رێکخستنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ئەردەخانی باکووری کوردستان، دووەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی بەڕێوەبرد. سەزایی تەمەللی، پەرلەمانتاری بازنەی وان، نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامان بەشدارییان لە کۆنگرەکەدا کرد.
تەمەللی، لە گوتارەکەیدا تیشکی خستە سەر قەیرانی ئابووری و کێشەکانی تورکیا و باکووری کوردستان و گوتی، "هەڵاوسان میکانیزمێکە کە لە کرێکاران و رەنجدەرانی دەستێنێت و دەیدات بە سەرمایەدار. ئەمڕۆ هێڵی برسیەتی 35 هەزار لیرەی (نزیکەی 760 دۆلار) تێپەڕاندووە، بەڵام کەمترین مووچە 28 هەزار لیرەیە (نزیکەی 610 دۆلار). خێزانێکی چوار کەسی ئەگەر هەر چواریان بە کەمترین مووچە کار بکەن، هێشتا ناگەنە هێڵی هەژاری کە 115 هەزار لیرەیە (نزیکەی 2500 دۆلار). لە شارەکانی وەک مووش، ئاگری، جۆلەمێرگ و ئیدر، هەژاری رێکەوت نییە؛ بەڵکو سیاسەتێکی بە ئەنقەستە بۆ ئەوەی کورد لەژێر گوشاری ئابووری دا بهێڵرێتەوە."
سەزای تەمەللی، ئاماژەی بەوەش کرد کلیلی چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی لە ئیمراڵییە و گوتی، "ئەگەر دەتانەوێت قەیرانی سیاسی چارەسەر بکەن، کۆتایی بە گرتنی سیاسی بهێنن. سەڵاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یوکسەکداغ، لەیلا گوڤەن و هاوڕێکانمان ئازاد بکەن. هەمووان دەزانن کە هیوا و چارەسەری لە ئیمراڵییە."
ئەوەشی گوت: "بەڕێز ئۆجەلان دانوستاندنکاری سەرەکییە، بەڵام ئایا بە ئاستەنگییەوە دانوستاندن دەکرێت؟ پێویستە مەرجی کارکردنی تەندروست و ژیانێکی ئازادی بۆ مسۆگەر بکرێت. بۆیە دەبێت دەستبەجێ دۆخی بەڕێز ئۆجەلان دیاری بکرێت."
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی هەروەها رایگەیاند، ئەوان وەک دەم پارتی لەسەر نەخشەڕێگەی ئاشتی سوورن و داوای لە دەسەڵات کرد کە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە هەنگاوی بەرجەستە بنێت.
پرۆسەی چارەسەری پرسی کوردی لە تورکیا لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2024ـەوە دەستی پێکردووە، بەڵام دەم پارتی و پەکەکە دەڵێن، پرۆسەکە خاوە و پێویستی بە هەنگاوی خێراتر و کاریگەرە.



