رووداو دیجیتاڵ
گوڵستان کڵچ کۆچییغیت، گوتەبێژ و جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان (دەم پارتی)، رۆژی پێنجشەممە 11-06-2026، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، تورکیا لە قۆناخێکی "زۆر هەستیار و مێژووییدایە" و پێویستە پێش پشووی هاوینەی پەرلەمان، هەنگاوە یاساییەکان بۆ پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد جێبەجێ بکرێن.
کۆچییغیت ئاماژەی بەوە کرد کە پەیام و بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەرفەتێکی گەورەیە بۆ چارەسەریی دیموکراتیانەی پرسی کورد و گوتی: "ناونیشانی چارەسەری، سیاسەتی دیموکراتی و پەرلەمانە. پێویستە حکومەت لەبری چاوەڕوانی، وەڵامی خواستی گەل بداتەوە و یاسای تایبەت بە پرۆسەکە بخرێتە دەنگدانەوە، چونکە دواخستنی متمانەی کۆمەڵایەتی تێکدەدات."
گوتەبێژی دەم پارتی داوای کرد "مافی هیوا" جێبەجێ بکرێت و زەمینەی گونجاو بۆ پەیوەندیی ئۆجەلان بڕەخسێنرێت تاوەکو بتوانێت رۆڵی خۆی لە پرۆسەی ئاشتیدا بگێڕێت. هاوکات رەخنەی تووندی لە بڕیاری دادگا گرت بۆ پووچەڵکردنەوەی کۆنگرەی جەهەپە و ئەوەی وەک "بەکارهێنانی دادوەری وەک چەکێک دژی ئیرادەی گەل" وەسف کرد.
کۆچییغیت جەختی کردەوە کە تورکیا ناتوانێت متمانەی یاسایی بۆ خۆی بگێڕێتەوە تاوەکو بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا لەسەر دۆسیەی سەلاحەدین دەمیرتاش و عوسمان کاڤاڵا جێبەجێ نەکات و داوای ئازادکردنی دەستبەجێی ئەو سەرکردە سیاسییانەی کرد.



.jpg&w=3840&q=75)