رووداو دیجیتاڵ موساڤات دەرویشئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی ئیی پارتی کاردانەوەی تووندی بەرامبەر بەو خۆپیشاندانانە نیشاندا کە بڕیارە لە لایەن پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان (دەم پارتی) لەژێر ناوی "ئازادی بۆ ئۆجەلان" بەڕێوەبچن. دەرویشئۆغڵو رایگەیاند: "من وەک موساڤات دەرویشئۆغڵو، گەلی تورک لە پشت خۆم کۆدەکەمەوە و لە 27ی حوزەیراندا دەچمە مەیدانی تاندۆغان لە ئەنقەرە." هاوکات، بانگەوازێکی بەرفراوانی ئاراستەی سەرجەم هاووڵاتیان کرد بۆ بەشداریکردن. رۆژی چوارشەممە، 10ی حوزەیرانی 2026، سەرۆکی ئیی پارتی، لە کاتی پێشکەشکردنی گوتارێکدا لەکۆبوونەوەی پارتەکەی لە پەرلەماندا، رەخنەی تووندی لە سەردان و گفتوگۆکانی بەرپرسانی دەم پارتی بۆ دوورگەی ئیمرالی گرت و گوتی: "جێگری سەرۆکی پەرلەمان لە دەم پارتی دەچێتە ئیمرالی و دەگەڕێتەوە و دەڵێت (یاسای بنەڕەتی) ئامادە دەکرێت. دەیانەوێت بە بیانووی (بۆ یەکجار) لێخۆشبوون بۆ بکوژانی بهێنن. ئیرادەی ئەم گەلە لە ئیمرالی نییە، بەڵکو لەسەر ئەم مینبەرە و لە ناو ئەم پەرلەمانە دایە. ئەم گەلە رێگە نادات بە ناوی هیچ پرۆسەیەکەوە خوێنی شەهیدەکانمان و فرمێسکی دایکانیان بکرێتە قوربانیی مێز و رێککەوتنی تاریک." ململانێی سیاسیی نێوان ئیی پارتی و لایەنە کوردییەکان لە حوزەیرانی 2026دا گەیشتووەتە لووتکە. دەم پارتی دەیەوێت لە رێگەی خۆپێشاندانی بەرفراوان لە 27 و 28 حوزەیراندا لە شارەکانی وان، مێرسین، ئامەد و ئەستەمبووڵ، گوشار بخاتە سەر پەرلەمان بۆ دەرکردنی "یاسای چوارچێوەیی" و سوودمەندبوونی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە (مافی هیوا). لە بەرامبەردا، ئیی پارتی، ئەم هەنگاوانە وەک "پاشەکشەی دەوڵەت و سازش لەگەڵ تیرۆر" وەسف دەکات و دەیانەوێت لە رێگەی جووڵاندنی شەقامی نەتەوەییەوە لە پایتەخت، رێگری لە هەر جۆرە رێککەوتنێکی یاسایی و سیاسی لەگەڵ سەرکردایەتیی پەکەکەدا بکەن.