رووداو دیجیتاڵ
مستەفا چیفتچی، وەزیری ناوخۆی تورکیا، خەون و نزایەکی خۆی ئاشکرا دەکات و هیوای ئەوە دەخوازێت رۆژێک لە ژێر دەسەڵاتی وڵاتەکەیدا ببێتە پارێزگاری قودس. چیفتچی گوتی: "نزام ئەمە بوو، تەنانەت بۆ یەک رۆژیش بێت، خوا بمکاتە پارێزگاری قودس. باوەڕم وایە خوای گەورە ئەو رۆژانەمان نیشان دەدات، بە دڵنیاییەوە نیشانمان دەدات."
ئەو قسانەی وەزیری ناوخۆی تورکیا، رۆژی شەممە، 6ی حوزەیرانی 2026، لە کۆبوونەوەی لقی رێکخستنەکانی پارێزگای چۆروومی ئاکپارتی هات. ئەو جەختی لەوە کردەوە کە سیاسەت لای ئەوان خزمەتکردنی گەل و خودایە و رایگەیاند: "ئێمە متمانەبەخۆبوونمان بەم گەلە بەخشییەوە و ئامانجی گەورەمان خستەوە بەردەم تورکیا، یەکێک لەوانە بە مزگەوتکردنی ئایاسۆفیا بوو."
مستەفا چیفتچی ئاماژەی بەوەش کرد، لە ماوەی 24 ساڵی حوکمڕانیی ئاکپارتیدا، هەموو تواناکان بۆ خزمەتگوزاریی وەک رێگەوبان، نەخۆشخانە، بەنداو و فڕۆکەخانە تەرخان کراون. ئەو گوتی: "ئێستا تورکیایەک هەیە کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆی بەرهەم دەهێنێت و مانگی دەستکرد دەنێرێتە بۆشایی ئاسمان. ئەمە ناوی 'سەدەی تورکیا'یە کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکردایەتی دەکات."
وەزیری ناوخۆ جەختی لەوە کردەوە کە هێشتا رێگەیەکی دووریان لە پێشە و باسی لە پڕۆژەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی "سێوی سوور" کرد کە بڕیارە لە 2027 بکەوێتە گەڕ. ئەو گوتیشی: "هەروەک چۆن ئازادیی شام، حەلەب و قەرەباخمان بینی، ئیشاڵڵا رۆژێک ئازادیی قودسیش دەبینین."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، چیفتچی باسی لە ئەزموونی خۆی وەک پارێزگار لە چۆرووم و ئەرزەڕۆم کرد و هیوای خواست قودس بگەڕێتەوە ژێر دەسەڵاتی وڵاتەکەی. ئەو گوتی: "وەک رابردوو، دیسان ئەو شوێنانە دەبنەوە هی ئێمە و دەکەونەوە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ئێمە، چونکە سەرکردەیەکی جیهانیی وەک ئەردۆغانمان هەیە و چیدیکە بێ هیوا نین لە بەدیهاتنی خەونەکانمان."



