رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە ترسی ئاگرکەوتنەوە، قەدەخەی گەشت و سەیرانی هاووڵاتییان و گەشتیاران بۆ نێو دارستانەکانی ئیستەنبووڵ راگەیێندرا.
لەسەر راسپاردەی کۆمیسیۆنی هاوبەشی بەرەنگاربوونەوەی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان سەر بە فەرمانگەی پارێزگاکان لە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، رۆژی شەممە، 6ـی حوزەیرانی 2026، بڕیارێکی گشتگیر لەبارەی ئاگرکەوتنەوەکان بڵاوکرایەوە. تێیدا قەدەخەکردنی گەشت و سەیرانی هاووڵاتییان و گەشتیارانی نێوخۆیی و بیانی لە دارستانەکانی ئیستەنبووڵ راگەیاند. هۆکاری قەدەخەکردنەکەشی بۆ مەترسی ئاگرکەوتنەوە گەڕاندەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆمیسیۆنەکە، بڕیاری قەدەخەکردنەکە لە رۆژی 8ـی حوزەیرانی 2026 دەستپێدەکات تاوەکو رۆژی 31ـی تشرینی یەکەمی 2026 بەردەوام دەبێت.
هۆکاری دەرکردنی ئەم بڕیارە بۆ لەمەودوا بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و هاتنی وەرزی هاوین گەڕاندەوە. کۆمیسیۆنەکە نووسیوویەتی: "بۆ بەرگرتن لە رووداوی ئاگرکەوتنەوە و پاراستنی ژینگەی دارستانەکان، بڕیاری قەدەخەکردنی گەشت و سەیرانمان راگەیاند".
روونیشیکردەوە، کوژاندنەوەی ئاگر لە دارستانە چڕەکاندا زۆر سەختە و توانایاکی زۆری پێویستە، هەمیشە زیانی زۆر قورسی لێدەکەوێتەوە و کارەسات روودەدات. بۆیە هەر جۆرە چالاکییەک و چوونە نێو دارستانەکان بەهەموو شێوەیەک قەدەخەیە.
جەخت لەوەشکراوەتەوە، یارییە ئاگرینەکان، ئاگرکردنەوە بەمەبەستی گۆشت برژاندن و سوتاندنی پاوانەکانی زەوییە کشتوکاڵییەکان لانیکەم لە دووری چوار کیلۆمەتر لە دارستانەکان دەکرێت. بە پێچەوانەوە رووبەرووی سزای زۆر قورس دەبنەوە.
لە سەرەتای مانگی ئایاری ئەم ساڵ، لە 16 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان بڕیاری قەدەخەی گەشت و سەیران لەنێو دارستانەکاندا راگەیێندرا.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا؛ پار، هەزار و 22 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان کەوتەوە. لە ئەنجامدا شەش هەزار و 900 هێکتار زەوی دارستان و پاوانەکان سووتان. هەروەها چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 111 کەسیش بریندار بوون.



