رووداو دیجیتاڵ
لە ئیستەنبووڵ، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لەگەڵ محەممەد سەمعان، پارێزگاری کەرکووک کۆبووەوە.
میدیای فەرمیی تورکیا بڵاویکردەوە، رۆژی شەممە، 6ـی حوزەیرانی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆمار لە کۆشکی دۆڵمەباخچەسەرای لە ئیستەنبووڵ، پێشوازی لە محەممەد سەمعان، پارێزگاری کەرکووک کرد.
وەک لە هەواڵەکەی میدیای فەرمیی تورکیا بڵاوکراوەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتەکانی کەرکووک و دۆخی تورکمانی عێراق تاوتوێ کران.
رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، بەردەوامیی ئاشتی، خۆشگوزەرانی و ئارامی لە کەرکووک بۆ داهاتووی عێراق گرنگییەکی زۆری هەیە و لەم چوارچێوەیەدا پشتیوانیی تورکیا بە شێوەیەکی بەهێز بەردەوام دەبێت.
ئەردۆغان هەروەها ئاماژەی بەوەدا، گرنگە دوای نزیکەی 100 ساڵ، پارێزگارێکی تورکمان لە کەرکووک دەستبەکار بووە.
محەممەد سەمعان ئاغا، کە هاوکات سەرۆکی بەرەی تورکمانیی عێراقە، سوپاس و پێزانینی تورکمانی بە سەرۆککۆماری تورکیا گەیاند بۆ پشتیوانییەکانی لە کەرکووک و گوتی، ئەم قۆناخە نوێیە بەشداريیەکی گەورە لە ئامانجی "تورکیای بێ تیرۆر و ناوچەی بێ تیرۆر" دەکات.
لە کۆبوونەوەکەدا کورشاد زۆرلۆ، یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتیش ئامادە بوو.



