رووداو دیجیتاڵ
رەحمی کۆچ، سەرمایەدار و سەرۆکی شانازیی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی کۆچ هۆڵدینگ، داوای لێبووردنی لە هاونیشتمانییانی باکووری کوردستان و هاووڵاتییانی تورکیا کرد دوای ئەوەی بەهۆی گوتەیەکی لەسەر "ژنی کورد" لە کاتی کردنەوەی نەخۆشخانەیەک لە شاری ئیزمیری وڵاتەکەی، شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزایەتی لێکەوتەوە و داواکاریی گشتیش لێکۆڵینەوەی یاسایی دژی دەستپێکرد.
رەحمی کۆچ لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێ: "لە بەرامبەر ئەو گوتانەم کە هیچ مەبەستێکی ئامانجگرتنیان لە پشتەوە نەبوو، لە دڵەوە داوای لێبووردن دەکەم. دەمەوێ بە راستگۆییەوە دڵتەنگیی خۆم بخەمەڕوو."
ئەم داوای لێبووردنە دوای ئەوە هات کە دادگای باڵای کۆماری لە ئیزمیر بە تۆمەتی "سووکایەتیکردنی ئاشکرا بە بەشێک لە گەل" بە شێوەیەکی راستەوخۆ لێکۆڵینەوەی دژی دەستپێکرد. هاوکات هەریەک لە یاریدەدەری سەرۆککۆمار، وەزیری داد و گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) لێدوانەکەیان سەرکۆنە کرد.
جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا لە رێگەی پەیامێکەوە لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) ئیدانەی گوتەکەی ئەو بازرگانەی کرد و رایگەیاند: "شکۆی مرۆڤ و هاوڵاتیبوونی یەکسان بنەمای سەرەکین. هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە دەستەواژەیەک بەکاربهێنێت کە ببێتەهۆی بریندارکردن یان دروستکردنی وێنەیەکی کۆمەڵایەتیی نەرێنی لەسەر بنەمای رەگەز، ناسنامەی نەتەوەیی و پێگەی کۆمەڵایەتی."
ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیاش رایگەیاند، تەرازووی دادپەروەری بەپێی سەروەت و ناسناو ناپێورێ؛ ئاماژەی بەوەشکرد، ناکرێ سووکایەتیکردن بە شکۆی ژن لەژێر ناوی "نوکتە و تەنز"دا بشاردرێتەوە.
عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتیش گوتاری رقوکینەی دژی هاووڵاتیانی کورد بە چەپەڵ و پێچەوانەی بەهاکان ناوبرد.
هەروەها پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمراڵی لە پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی) لە پەیامێکدا بۆ ئەو بازرگانە رایگەیاند: "ئایا هیچ شەرم لای ئێوە نەماوە؟ ئەمە بە تەواوی ریسواییە."
رەحمی کۆچ یەکێکە لە بازرگانە دەوڵەمەند و ناسراوەکانی تورکیا و سەرۆکی شانازیی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی (کۆچ هۆڵدینگ)ە.
رۆژی هەینی 5ی حوزەیرانی 2026 لە کاتی کردنەوەی نەخۆشخانەی ئەمریکی لە شاری ئیزمیر، رەحمی کۆچ گوتی:" ژنێکی چارەخوازی کورد چووە لای پزیشک بۆ چارەسەری. پزیشکەکە پێی گوت، جلەکان لابە تا پشکنینت بۆ بکەم". ژنەکەش گوتی: "نا، پزیشک، تۆ یەکەمجار جلەکانت لابە."
رەحمی کۆچ ئەوەی وەک نوکتە گێڕایەوە و ئەوەش کاردانەوەی فراوانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لێکەوتەوە.
.webp&w=3840&q=75)

