رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا رایدەگەیێنێت، وڵاتەکەی بووەتە ناوەندێکی سەرەکیی وزە لە ناوچەکەدا. دەشڵێت، ئاسایشی دابینکردنی وزە "پرسی سەروەریی و ئاسایشی نیشتمانییە."
رۆژی چوارشەممە، 3ی حوزەیرانی 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە رێوڕەسمی کردنەوەی پڕۆژەکانی وزەی نوێبووەوە لە ئەنقەرە گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند: "تورکیا لە ژێر رۆشنایی پێشهاتەکانی ئێستا، ناوەندێکی گرنگی وزەیە لە ناوچەکەدا."
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بە ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و جەنگی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل دژ بە ئێران کرد و گوتی: "دۆخی ئێران کە لە 28ی شوباتەوە دەستیپێکردووە، رۆڵی تورکیای لە دابینکردنی وزەی جیهانییدا بەهێزتر کردووە. لە کاتێکدا پێشبینی بووژانەوەی ئابووری دەکرا، بەڵام لەگەڵ درێژبوونەوەی قەیرانی تەنگەی هورمز، ئێستا زۆر لە وڵاتان خۆیان بۆ پاشەکشەی ئابووری ئامادە دەکەن."
ئەردۆغان، دەڵێت، جەنگی رووسیا-ئۆکراینا و داخستنی هورمز سەلماندیان کە ئاسایشی دابینکردنی وزە تەنیا پرسی گەشەپێدان نییە، بەڵکو "پرسی سەروەریی و ئاسایشی نیشتمانییە."
رەجەب تەیب ئەردۆغان جەختی لە ستراتیژیی وڵاتەکەی کردەوە بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە دەرەوە و رایگەیاند: "ئامانجی سیاسەتی نیشتمانیی وزە و کانزاکانمان ئەوەیە کە چیدی پشت بە وزەی دەرەکی نەبەستین. گرنگییەکی زۆر بە هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی وزە و زیادکردنی کارامەیی و بەکارهێنانی وزەی نوێبووەوە دەدەین."
سەرۆککۆماری تورکیا پەیامێکی تووندی ئاراستەی نەیارانی پڕۆژەکانی وڵاتەکەی کرد و گوتی: "خۆمان رادەستی ئەو کەسانە ناکەین کە هەوڵدەدەن وەبەرهێنانی وزەی نوێبووەوەمان تێکبدەن."


