رووداو دیجیتاڵ
تەلەڤزیۆنی فەرمیی سووریا بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی تەقینەوەی مینێک لە باکووری رۆژئاوای وڵاتەکە، چوار منداڵ گیانیان لەدەستدا و دوو منداڵی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی یەکشەممە 22-11-2026، تەلەڤزیۆنی فەرمیی سووریا رایگەیاند، تەقینەوەکە لە گوندی (ئوم خوزەیم) لە دەوروبەری پارێزگای ئیدلب روویداوە و بەهۆی مینێکەوە بووە کە لە سەردەمی دەسەڵاتی بەشار ئەسەددا بەجێماوە.
دوای زیاتر لە 13 ساڵ شەڕی نێوخۆیی لە سووریا کە تێیدا لایەنە جیاوازەکان مینیان لە ناوچە جۆراوجۆرەکاندا چاندبوو، هێشتا مین و پاشماوە تەقەمەنییە نەتەقیوەکان لە سەرانسەری ئەو وڵاتەدا هەن.
بەگوێرەی ئامارەکانی میکانیزمی هاوئاهەنگیی سەرانسەری لە سووریا کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مین سەرپەرشتی دەکرێت، لە نێوان رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024 تاوەکو سەرەتای ئەیلوولی ئەم ساڵ، هەزار و 337 رووداوی تەقینەوەی پاشماوەکانی جەنگ تۆمار کراون و بوونەتە هۆی کوژران و برینداربوونی دوو هەزار و 375 کەس، کە زیاتر لە 850 کەسیان منداڵن.
سایمن جاکسن، بەڕێوەبەری بەرنامەی سووریا لە رێکخراوی (HALO Trust) لە مانگی ئەیلوولدا رایگەیاندبوو، مین و پاشماوە نەتەقیوەکانی جەنگ نزیکەی هەر شەش کاژێر جارێک دەبنە هۆی کوژران یان برینداربوونی کەسێک.
هەروەها بەپێی راپۆرتێکی سەرەتایی چاودێریی مین و تەقەمەنییە هێشووییەکان کە لە مانگی حوزەیراندا بڵاوکرایەوە، سووریا پار بەرزترین ژمارەی قوربانییانی مین و پاشماوەکانی جەنگی لەسەر ئاستی جیهان تۆمار کردووە، کە هەزار و 600 کوژراو و بریندار بووە.



