رووداو دیجیتاڵ
لەبەر چاکسازی و ئامادەکاری بۆ وەرزی بارانبارین تاوەکو رێگری لە پەککەوتنی هاتووچۆی بارهەڵگرەکان بکرێ، دەروازەی سنووریی مەندەلی - سومار بە شێوەیەکی کاتی داخرا.
سەرچاوەیەک لە دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، رۆژی هەینی13ـی تشرینی دووەمی2026، بە رووداوی راگەیاند: "بڕیاری داخستنی دەروازەی سنووریی مەندەلی، ئەمڕۆ هەینی، لە کاژێر 08:00ی بەیانییەوە بە شێوەیەکی کاتی داخرا. هۆکاری ئەم بڕیارە بۆ تەواوکردنی کارە تەکنیکییەکان و چاکسازیی ناو دەروازەکە دەگەڕێتەوە، بەتایبەت بۆ ئامادەکاری بەرامبەر وەرزی بارانبارین تاوەکو رێگری لە پەککەوتنی هاتووچۆی بارهەڵگرەکان بگرن".
رۆژی سێشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2026، لیوا عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، رایگەیاند: "کە دەروازەی سنووریی شێب لە پارێزگای مەیسان بە رووی بازرگانان، شۆفێران و گەشتیاراندا کراوەتەوە".
بە گوێرەی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، کاتی دووبارە کردنەوەی دەروازەی مەندەلی دوای تەواوبوونی کارە ئەندازیارییەکان رادەگەیێندرێت.
میدیای فەرمی ئێرانیش دەڵێت؛ تاوەکو ئێستا کاتێکی دیاریکراو بۆ کردنەوەی دەروازەکە رانەگەیێندراوە.
بەپێی نووسراوێکی فەرمیی دامەزراوەی رێگاوبان و گواستنەوەی وشکانیی ئێران کە ئاراستەی بەڕێوەبەرانی گواستنەوەی پارێزگاکان کراوە، پێشوەختە بەرپرسانی عێراق، تارانیان ئاگادار کردووەتەوە کە لە رۆژی هەینییەوە(13ـی تشرینی دووەم) دەروازە سنوورییەکە دادەخرێت.
دەروازەی سنووریی شێب لە پارێزگای مەیسان، چەزابە لە دیوی ئێران، لە 21ی مانگی تشرینی یەکەمی رابردووەوە بە فەرمی داخرابوو.
دەروازەی مەندەلیش لە پارێزگای دیالە، لە دیوی ئێرانیشەوە دەروازەی سومار لە پارێزگای کرماشان دەکەوێتە بەرامبەری، دەروازەکە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاتوچۆی گەشتیاران لە نێوان عێراق و ئێراندا بەکاردەهێنرێ.
رۆژی یەکشەممەی رابردوو، د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا ئاشکرای کردبوو، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا داوای لە بەغدا کردووە لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی واشنتن بۆ زیادکردنی گوشارە ئابوورییەکانی سەر تاران، سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ ئێران دابخات، تەنیا دوو دەروازە نەبێت، کە یەکێک لەو دوو دەروازەیەی بڕیارەکە نایگرێتەوە، دەکەوێتە سنووری هەرێمی کوردستان.


