رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی سووریا رەتیدەکاتەوە کە وڵاتەکەی هێزی سەربازیی بۆ یەمەن ناردبێت و راشیگەیاند، هیچ پلانێکی لەو شێوەیە لە ئارادا نییە، ئەمەش دوای ئەوە هات کە دەنگۆی بوونی سەربازانی سووریایی لە نێوخۆی یەمەن و سعودیە بڵاوکرایەوە.
رۆژی دووشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2026، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن لە دیمەشق، ئەسعەد شەیبانی گوتی، "هیچ سەربازێکی ئێمە لە یەمەن نییە، هەروەها هیچ پلانێکیش بۆ هەنگاوێکی لەو شێوەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا نییە."
هەفتەی رابردوو چەند سەرچاوەیەکی یەمەنی رایانگەیاندبوو، سەربازانی سووریا گەیشتوونەتە یەمەن و لە قۆناخی داهاتوودا هەزاران سەربازی دیکەش بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی هاوپەیمانان رەوانەی ئەو وڵاتە دەکرێن.
وەزیری دەرەوەی سووریا روونیکردەوە کە سەرەڕای ئەوەی دیمەشق لەم مانگەدا رێککەوتننامەیەکی هاوئاهەنگیی بەرگریی لەگەڵ ریاز واژۆ کردووە، بەڵام "هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی شەرعیی یەمەن بۆ جێگیرکردنی سەرباز لە خاکی ئەو وڵاتەدا نەکراوە."
شەیبانی گوتیشی، "هەر پلانێکی سەربازی لە دەرەوەی وڵات بە ئاشکرا رادەگەیێندرێت و هیچ هەنگاوێک بە نهێنی نانرێت."
وەزیری دەرەوەی سووریا باسی لەوە کرد کە رێککەوتنی نێوان دیمەشق و ریاز پەیوەستە بە سوودوەرگرتن لە شارەزایی سعودیە بۆ بنیاتنانەوەی دامەزراوەکانی وڵاتەکەی و لە سەرووی هەمووشیانەوە سوپای نیشتمانی، لەگەڵ برەودان بە هاوئاهەنگیی هاوبەش لە بواری پیشەسازیی بەرگری و ئاستی ئەکادیمی.


