رووداو دیجیتاڵ
دیمەشق پەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییە هەرێمییەکانیدا هەڵدەداتەوە. لە کاتێکدا هەوڵ دەدات پێگەی خۆی لە ناوچەکەدا بەهێز بکاتەوە، دەنگۆی تاوتوێکردنی چوونە نێو "پەیمانی مەککە" هاتووەتە ئاراوە، ئەوەش وەک هەنگاوێک بۆ بەهێزکردنی هاوبەشییە ئەمنییەکان و گۆڕینی سووریا لە وڵاتێکی پڕ لە ململانێوە بۆ وڵاتێکی بەشدار لە چەسپاندنی ئاسایشی ناوچەکەدا.
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریاش جەخت دەکاتەوە کە وڵاتەکەی کراوەیە بەرامبەر هەر هەوڵێکی هاوبەش کە یارمەتیدەری سەقامگیری و رووبەڕووبوونەوەی مەترسییە ئەمنییەکان بێت.
لە کاتی بەشداریکردنی لە پانێڵێکدا بە ناونیشانی (بنەماکانی ئاسایشی ناوچەکە) لە کۆڕبەندی دیالۆگی مەنامە 2026، ئەسعەد شەیبانی باسی لەوە کرد، گفتوگۆ هەیە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەگەری چوونە نێو (پەیمانی مەککە)وە، بەڵام روونیشی کردەوە کە گفتوگۆکان تەنیا لەسەر ئەم پەیمانە نین، بەڵکو سیستمی ئەمنیی دیکەش لە تاوتوێکردندان، بۆ ئەوەی بتوانن ئامانجی هاوبەش لە بواری بەرگری و سەقامگیریدا بپێکن.
وەزیری دەرەوەی سووریا جەختی لەوە کردەوە کە ئیدی ناوچەکە بە هەوڵی وڵاتانی تاک تاک ناتوانێت بەرەنگاری مەترسییەکان ببێتەوە، بەڵکو پێویستی بە سیستمێکی هاوبەشی بەرگری و بەرپەرچدانەوە هەیە. هەروەها گوتی: "دیمەشق لەگەڵ هەر سیستمێکدایە کە سەقامگیریی ناوچەکە بپارێزێت."
شەیبانی ئاسایشی کەنداوی بە بەشێکی دانەبڕاو لە ئاسایشی سووریا دانا و رایگەیاند، سەقامگیریی سووریاش بەستراوەتەوە بە ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکەوە.
هاوئاهەنگی لەگەڵ عێراق، لوبنان و ئوردن بۆ پاراستنی سنوورەکان
دەربارەی پرسی سنوورەکان، شەیبانی باسی لە هاوئاهەنگییەکی بەرفراوانی ئەمنی و سەربازی لەگەڵ عێراق، لوبنان و ئوردن کرد و روونیکردەوە، پاراستنی سنوور بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە و هیچ دەوڵەتێک بە تەنیا ناتوانێت ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرێت.
هەروەها رەتیکردەوە هیچ گرژی و ئاڵۆزییەک لەگەڵ ئوردن هەبێت و ئاماژەی بەوە کرد، پەیوەندییەکانی نێوانیان لە رێگەی "ئەنجوومەنی باڵای ستراتیژی" بەرەوپێش دەچن، کە بڕیارە مانگی داهاتوو سێیەمین کۆبوونەوەی خۆی ساز بکات.
شەیبانی هۆشداریشی دا لە مەترسیی گرووپە چەکدارە سنووربەزێنەکان، بەتایبەت ئەوانەی لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەتدان و گوتی: "هەبوونی چەک لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان، دەوڵەت لاواز دەکات و هەڕەشە لە ئاسایشی دەوروبەریش دەکات." هەروەها جەختی کردەوە کە دیمەشق سەرقاڵی بنیاتنانی سوپایەکی نیشتمانییە بۆ پاراستنی سنوورەکان و دەیەوێت بڕیاری سەربازی تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت، هاوکات ئامادەیی تەواوی خۆیشی نیشان دا بۆ هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی کەنداو.
ئیسرائیل و گۆلان؛ دیمەشق دەستبەرداری بڕیاری 497 نابێت
لەبارەی دۆخی بەرەی ئیسرائیل، وەزیری دەرەوەی سووریا دووپاتی کردەوە کە بەرزاییەکانی گۆلان خاکی سووریان و بڕیاری ژمارە 497ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بنەمای سەرەکیی هەڵوێستی وڵاتەکەیەتی لەو بارەیەوە.
شەیبانی ئەوەشی خستە روو کە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا سووریا رووبەڕووی زیاتر لە هەزار هێرش و پێشێلکاریی ئیسرائیل بووەتەوە. گوتیشی، لە کاتێکدا سەروەریی خاکی سووریا بەردەوام پێشێل دەکرێت، جێی پرسیارە داوا لە دیمەشق بکرێت سنوورەکان کۆنترۆڵ بکات و چەک کۆنترۆڵ بکات. داواشی کرد دۆخەکە بۆ هێڵەکانی پێش 8ـی کانوونی یەکەمی 2024 بگەڕێتەوە و رێککەوتنی جیاکردنەوەی هێزەکانی ساڵی 1974 کارا بکرێتەوە، وەک بنەمایەکی سەرەکی بۆ رێکخستنی دۆخی ئەمنی لەسەر سنوور. جەختیشی کردەوە کە سەقامگیری لە ناوچەکەدا بەدی نایەت تاوەکو شەڕ لە غەززە نەوەستێت و رێگەیەکی سیاسی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی فەلەستین نەکرێتەوە.

