رووداو دیجیتاڵ
لە کتێبێکی خوێندندا وێنەی چەند کچێک لە دەوری کۆمپیوتەرێک دەستکاری کراوە تاوەکو بە حیجابەوە دەربکەون، لە کتێبێکی دیکەشدا وێنەی تابلۆی بەناوبانگی جیهانیی "مۆنالیزا" سڕدراوەتەوە؛ ئەم گۆڕانکارییە خێرایانەی لە پڕۆگرامی خوێندنی فەرمیی سووریادا کراون، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و رەخنەی تووندی لە دژی دەسەڵاتدارانی نوێی ئەو وڵاتە دروستکردووە.
دوای رووخاندنی رژێمەکەی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024دا، دەسەڵاتی نوێی دیمەشق بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع، چەندین رێکاری ئایینی و نەریتیی گرتووەتەبەر؛ لەوانە سەپاندنی مەرجی پۆشینی باڵاپۆشی، سنووردارکردنی فرۆشتنی ماددە کحولییەکان و جیاکردنەوەی هەندێک لە بەشەکانی زانکۆ بۆ کوڕان و کچان بە جیا.
چ گۆڕانکارییەک لە پەڕتووکەکاندا کراوە؟
ئاژانسی فرانس پرێس لە رێگەی بەدواداچوون بۆ کۆپییە ئەلیکترۆنییەکانی کتێبەکانی خوێندن، چەندین دەستکاریی ئایدیۆلۆژیی ئاشکرا کردووە کە لە پڕۆگرامە نوێیەکەدا کراون:
لە پۆلی حەوتەم: تابلۆی بەناوبانگی "مۆنالیزا"ی لیۆناردۆ داڤینچی بە تەواوی سڕدراوەتەوە.
لە پۆلی سێیەم: وێنەی پەیکەری شارستانییەتە دێرینەکانی سووریا لابراون.
لە پۆلی شەشەم: وێنەی کەسانی سەماکەر لە کتێبی کۆمەڵایەتیدا سڕدراونەتەوە.
لە پۆلی چوارەم: لە کتێبی پەروەردەی ئیسلامیدا، وێنەی جلوبەرگی مۆدێرن لابراون و بە وێنەی دوو پیاو بە جلی نەریتی و دوو ژن بە پەچە و نیقابەوە جێگەیان گیراوەتەوە.
وەزارەتی پەروەردەی سووریا: هێماکانی رژێمی ئەسەدمان سڕیوەتەوە
لە بەرامبەر رەخنەکاندا، وەزارەتی پەروەردەی سووریا لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، گۆڕانکارییەکان بە مەبەستی "لابردنی هێماکانی رژێمی پێشوو و ناوەڕۆکە ئایدیۆلۆژییەکەی بووە لە کتێبەکانی مێژوو و کۆمەڵایەتیدا."
بەڵام راپۆرتێکی پەیمانگەی چاودێریی ئاشتی و لێبووردەیی کولتووری (IMPACT-se) دەریخستووە، ئەم پرۆگرامە نوێیە "هەوڵێکە بۆ داڕشتنەوەی شوناسی نیشتمانی و یادەوەریی مێژوویی سووریا لە چوارچێوەیەکی ئایدیۆلۆژیی ئیسلامیی توونددا، کە زۆر لە سنووری چاکسازیی پەروەردەیی تێپەڕیوە."
گۆڕینی ناوی "شەهیدان" بۆ "سیخوڕ" لە سەردەمی عوسمانییەکاندا
میشال شەماس، پارێزەر و چالاکڤانی مافی مرۆڤ، رەخنەی تووندی لە گۆڕانکارییەکان گرتووە و ئاماژەی بەوە کردووە تەنانەت مێژووی سەردەمی عوسمانییەکانیش دەستکاری کراوە؛ بە جۆرێک ئەو نیشتمانپەروەرە سوورییانەی لە ساڵی 1916 لە دیمەشق لەلایەن عوسمانییەکانەوە لەسێدارە دران، لە دەستەواژەی "شەهیدان"ـەوە ناوەکانیان گۆڕدراوە بۆ "سیخوڕ و پیلانگێڕ"، کە شەماس ئەمە بە نەرمیی دەسەڵاتی نوێ بەرامبەر بە دەوڵەتی تورکیا وەسف دەکات.
ئەم مشتومڕە پەروەردەییە هاوکاتە لەگەڵ بڕیارێکی مانگی رابردووی قوتابخانەیەکی بەناوبانگی دیمەشق بۆ جیاکردنەوەی تەواوەتیی پۆلی کچان و کوڕان، ئەمەش کۆمەڵگەی سووریای لە نێوان ترسی پەرەسەندنی تووندڕەوی و سەپاندنی ئاییندا رووبەڕووی دابەشبوونێکی قووڵ کردووەتەوە.



