حکومەتی سووریا پەیکەری سەلاحەدینی ئەیووبی لە بەردەم قەڵای دیمەشق لادەبات و دەستی بە گواستنەوەی کردووە. لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم هەنگاوە بە مەبەستی رێکخستنەوە و باشترکردنی دیمەنی دەوروبەری قەڵاکە نراوە.
بەڕێوەبەرایەتیی دیمەشقی کۆن رایدەگەیێنێت، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ رێکخراوی (هاند)، دەستیان بە گواستنەوەی پەیکەرەکە کردووە. بەپێی بڕیارەکە، پەیکەرەکە بۆ گۆڕەپانی (پانۆراما) دەگوازرێتەوە و لەوێ جێگیر دەکرێت. بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێ، ئەم بڕیارە بۆ نوێکردنەوە و باشترکردنی گۆڕەپانی بەردەم قەڵای دیمەشق دراوە.
ئەم پەیکەرە لە ساڵی 1993دا، لە 800ـەمین ساڵیادی کۆچی دوایی سەلاحەدینی ئەییووبی، لەلایەن پەیکەرساز (عەبدوڵڵا سەید)ـەوە دروست کرابوو.
سەلاحەدینی ئەییووبی لە نێوان ساڵانی 1138 تاوەکو 1193 ژیاوە و یەکێکە لە ناودارترین سەرکردە سەربازی و سیاسییەکانی مێژووی جیهان.
سەلاحەدینی ئەیوبی، بە رەچەڵەک کوردە، دامەزرێنەری دەوڵەتی ئەیووبییە و لە مێژووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا خاوەن پێگەیەکی مەزنە و چیدیکە جێگەی ئەو پەیکەرە لە بەردەم قەڵاکەدا نابێت، بەڵکو لە شوێنێکی نوێدا دادەنرێت.



