رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری حەسەکە لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، سەبارەت بە خۆپێشاندانەکانی گەڕەکی غوێران رایگەیاند کە لایەن هەن دەیانەوێت یاری بە سۆزی خەڵک بکەن و پێش بە سەرکەوتنی رێککەوتنە ئەمنی و ئیدارییەکان بگرن.
رۆژی هەینی، 9ی تشرینی یەکەمی 2026، نورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان چەندین کۆبوونەوەیان لەگەڵ کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی کورد و عەرەب ئەنجامداوە بۆ رێگریکردن لە هەر دووبەرەکی و پشێوییەک.
هەروەها دڵنیایی دا کە دەزگا ئەمنییەکان یەکیان گرتووە و هاوئاهەنگی تەواو هەیە. سەبارەت بە بەشداریکردنی نەوجەوانان و گەنجانیش، نورەدین ئەحمەد روونیکردەوە کە هاندەرانی خۆپێشاندانەکان سۆزی ئەو گەنجانەیان قۆستووەتەوە.
دەشڵێت، بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری، هێزی ئەمنیی پێویست لە ناوچەکە جێگیر کراوە.
دەقی پرسیاری رووداو و وەڵامی پارێزگاری حەسەکە:
رووداو) بەڕێز پارێزگاری حەسەکە، ئێستا ئەمە چەندەمین جارە لە گەڕەکی غوێران خۆپێشاندان بەڕێوەدەچێت. بۆچی بە دیاریکراوی گەڕەکی غوێران؟ ئایا هەوڵتان نەداوە لەگەڵ کەسایەتییەکانی ئەو گەڕەکەدا کۆببنەوە؟
نورەدین ئەحمەد: سەرەتا بەخێربێن، سەرسەرو سەرچاو هاتن. لە راستیدا سەبارەت بەم خۆپێشاندانانەی لە گشتی پارێزگای حەسەکەدا روودەدەن و تەنیا تایبەت نین بە گەڕەکی غوێران، ماوەیەکە چاودێری دەکرێت کە رێککەوتنێک کراوە، بەڵام چەندین لایەن و کەسایەتی هەن نەیاندەویست ئەم رێککەوتنە سەربکەوێت و بچێتە سەر. ئەوان ویستیان یاری بە سۆز و هەستی کۆمەڵگە بکەن و بێ هیچ هۆکارێک شەقام بجوڵێنن و هانی بدەن. ئێمە چەندین دیدارمان لەگەڵ کەسایەتییە دیارەکانی گەڕەکی غوێران، هەروەها لەگەڵ پێکهاتەی گشتیی عەرەب و تەنانەت کوردیشدا ئەنجامداوە، گوتمان با پێش بەم فیتنەیە بگرین. ئەو هەوڵەی دوێنێش بۆ هەڵکردنی ئاڵا درا، ویستمان دڵنیایی بدەین کە رێککەوتنەکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و قۆناخەکانی ئەمنی، کارگێڕی و سەربازیی خۆی دەبڕێت. گوتمان دڵنیایی بدەین تاکو هیچ کەسێک نەتوانێت لەم رێگەیەوە ئارامی و تەبایی کۆمەڵگەکەمان تێکبدات.
رووداو: ئەوان داوای گەڕانەوەی سەروەریی دەوڵەت دەکەن، مەگەر پێشتر دەوڵەت و حکومەت لەوێ نەبوون؟
نورەدین ئەحمەد: ئەمە هی ئەمڕۆ نییە، چەندین مانگە هەموو کەس دەزانێت سەروەریی دەوڵەت هەیە. ئاسایشی گشتی و هێزەکانی ئەمنی لەگەڵ هێزەکانی حکومەتدا یەکیان گرتووە و پێکەوە کار دەکەن. لە رووی سەربازی و ئەمنیشەوە پرۆسەکە بەردەوامە، رەنگە لە مێژوودا نەبووبێت کە دەزگای هەواڵگری لەگەڵ یەکتردا بەو جۆرە یەکبگرن، بەڵام ئەمە روویداوە. وەک گوتم کەسانێک هەن هەر لە سەرەتای رێککەوتنەکەوە پیلانی جیاوازیان بۆ حەسەکە هەبوو بۆ ئەوەی رێککەوتنەکە سەرنەگرێت و پشێوی دروست ببێت، 24 کاژێر بیریان لەوە دەکردەوە چۆن بیانوویەک بدۆزنەوە و سۆزی شەقام بورووژێنن. ئەمڕۆش بابەتی سەروەریی دەوڵەتیان کردووەتە بیانوو. سەرباری ئەمەش خەڵک بە ئارامی هاتوچۆ دەکەن و دانیشتنی کەسایەتییەکان گرنگترین هەنگاو بوو. کەمێک گرژی و بارگرژیی کەڵەکەبوو لە ناخیاندا هەبوو، شتێکی سروشتی بوو کە ئەو پەرچەکردارە دەربکەوێت، چونکە کەڵەکەبووی رابردوو بوو.
رووداو: زۆربەی ئەوانەی بەشدار بوون گەنج و مێردمنداڵ بوون، بە بڕوای ئێوە بۆچی ئەو کەسانەی ئەمڕۆ هاتنە سەر شەقام زیاتر منداڵ و گەنج بوون؟ بۆچی بە دیاریکراوی ئەوان بەکارهێنران؟
نورەدین ئەحمەد: هەر وەکو گوتم، ئەوان پلان و بەرنامەیان هەبوو. هەر لە سەرەتای رێککەوتنەکەوە کەسانێک هەبوون دەیانویست یاری بە سۆز و هەستی خەڵک و ئەو گەنجانە بکەن.
رووداو: ئایا هێزێکی ئەمنیی زیاتر رەوانەی ناوچەکە کراوە؟
نورەدین ئەحمەد: راستە، ئێمە زانیمان کە دۆخێکی لەو شێوەیە روودەدات، بۆیە ئامادەکاریی پێویستمان کرد. وەک هەر ناوچە و پارێزگایەکی دیکە کاتێک پێویست بکات هێزی ئەمنی زیاتر دەکەین بۆ ئەوەی سەقامگیری و ئاسایشی هەموو پێکهاتەکان بپارێزین. رێگریمان لە دروستبوونی دووبەرەکی لە نێوان کورد و عەرەب و پێکهاتەکاندا کرد و پێشمان پێگرت.


