رووداو دیجیتاڵ
کەیسی دەستبەسەرکردنی سلێمان هیلال ئەسەد، هاووڵاتیی سووریایی لە لوبنان، چوارچێوەی دادوەریی خۆی تێپەڕاندووە و بووەتە جێگەی مشتومڕێکی یاسایی و سیاسی لەسەر ئەگەری رادەستکردنەوەی بە دیمەشق، بەتایبەتی دوای ئەوەی یاسای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان لە لوبنان چووە واری جێبەجێکردنەوە.
دوای نزیکەی مانگێک لە دەستبەسەرکردنی، سلێمان ئەسەد، ئامۆزای بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشووی سووریا، رووبەڕووی لێپرسینەوە لە دادگەی سەربازی دەبێتەوە.
وائیل حەسەن، دادوەری لێکۆڵینەوەی سەربازی، رۆژی 8ی تشرینی یەکەمی بۆ لێپرسینەوە لەو هاووڵاتییە و دەستبەسەرکراوێکی دیکە بەناوی عەلی نوح زوعەیتەر دیاریکردووە، ئەمەش لەسەر دۆسیەی هەبوونی چەکی جەنگیی بێ مۆڵەت و بازرگانیکردن پێیەوە.
بەپێی زانیارییەکانی نێو دۆسیەکە، چاوەڕوان دەکرێ دوای لێپرسینەوەکە بڕیاری دەستگیرکردن بۆ هەردووکیان دەربچێ. دواتر بەشی دووەمی دۆسیەکە، کە پەیوەستە بە بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر، رەوانەی داواکاری گشتیی بیقاع دەکرێ. بەمەش کەیسەکە بەپێی جۆری تاوان و لایەنی پسپۆڕ، دوو رێڕەوی دادوەریی جیاواز وەردەگرێ.
سەرەڕای ئەو هەستیارییەی ناوی سلێمان ئەسەد و پەیوەندییە خێزانییەکەی لەگەڵ سەرۆکی پێشووی سووریا دروستی کردووە، رێکارەکان دژی ئەو تەنیا لە چوارچێوەی ئەو تاوانانەدان کە لە لوبنان خراونەتە پاڵی. بەڵام ئەگەر دەسەڵاتدارانی سووریا داوای رادەستکردنەوەی بکەن و بەڵگەیان لەسەر ئەو تاوانانە هەبێت کە گومانی لێدەکرێ لە کاتی شەڕی سووریا و پێش رووخانی رژێم ئەنجامی دابن، ئەوا رەنگە کەیسەکە ئاراستەیەکی دیکە وەربگرێ.
تاوەکو ئێستا داواکاری گشتیی لوبنان هیچ نووسراوێکی لە دیمەشقەوە بەدەست نەگەیشتووە بۆ داواکردنی سلێمان ئەسەد، بەڵام ئەگەری گەیشتنی داوایەکی لەو شێوەیە لە رۆژان یان هەفتەکانی داهاتوودا هەیە. هەر داوایەک پێش بڕیاردان لەسەری، بە وردی لێکۆڵینەوەی تێدا دەکرێ.
کەیسی دادگاییکردنی سلێمان ئەسەد لە لوبنان جیاوازە لە هەر داوایەکی ئەگەریی سووریا. ئەگەر لەلایەن دادگەی لوبنانەوە سزا بدرێ، پێویستە سزاکەی جێبەجێ بکات، ئینجا دوای تەواوبوونی ماوەی سزاکەی، بڕیار لەسەر رادەستکردنەوەی دەدرێ.
بەڵام هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان لە لوبنان، رەوشێکی یاسایی نوێی بۆ داواکارییەکانی رادەستکردنەوەی دەستبەسەرکراوانی بیانی هێناوەتە ئاراوە. جۆری ئەو تاوانەی کە رەنگە دەسەڵاتدارانی سووریا ئەسەدی پێ تۆمەتبار بکەن و سزاکەی، دەبنە دوو هۆکاری سەرەکی لە هەڵسەنگاندنی هەر داوایەکی رادەستکردنەوەدا. ئەگەر تاوانەکەی لە سووریا سزای لەسێدارەدانی لەسەر بێت، ئەوا بەپێی یاسا رادەستکردنەوەی ئەستەم دەبێت.
دۆسیەی سلێمان ئەسەد جیاوازە لە کەیسی رادەستکردنەوەی لیوا عادل عیسا، ئەفسەری سووریا، لە رۆژی 19ی ئابدا، چونکە عیسا پێش بڵاوکردنەوە و کارپێکردنی یاسای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان رادەست کرایەوە.
ئێستا، کەیسی سلێمان ئەسەد تەنیا لە چوارچێوەی تاوانکاری و ئەو تۆمەتانەدایە کە لە لوبنان رووبەڕووی بوونەتەوە. پرسی رادەستکردنەوەی لە داهاتوودا، پەیوەستە بەو بەڵگانەی کە رەنگە دەسەڵاتدارانی سووریا پێشکێشی بکەن، هەروەها بەو کۆتوبەندە یاساییانەی کە وەڵامدانەوەی لوبنان بۆ هەر داوایەکی لەو جۆرە رێکدەخەن.



