رووداو دیجیتاڵ
کتێبێکی نوێی جوگرافی و مێژوویی، جارێکی دیکە ناسنامە و بوونی قووڵی کوردی لە بەرزاییەکانی گۆلان و دەوروبەری دیمەشق هێنایەوە رۆژەڤ. بەگوێرەی توێژەر و پسپۆڕی فەلسەفەی مێژوو، دکتۆر ئیسماعیل حەساف، پێش شەڕی شەش رۆژەی ساڵی 1967، لە ناوچەی گۆلان 164 گوندی کورد هەبوون و رووبەرێکی زۆر فراوانی زەویی کشتوکاڵی بەدەست ماڵباتە کوردەکانەوە بووە.
مێژوویەکی شاراوە ئاشکرا دەبێت
چاپی نوێی کتێبی "گۆلان: لێکۆڵینەوەیەک لە جوگرافیای هەرێمی" لە نووسینی ئەدیب سلێمان باخ، بەڵگەنامەی گرنگ لەبارەی دۆخی دیمۆگرافی و ئابووریی کوردانی گۆلان ئاشکرا دەکات. ئەم کتێبە کە لە بنەڕەتدا تێزی دکتۆرای ساڵی 1958ـی زانکۆی سۆربۆنە، وێنەیەکی روونی هەرێمەکەی پێش کۆنترۆڵکردنی لەلایەن ئیسرائیلەوە خستووەتەڕوو. د. ئیسماعیل حەساف، بووە میوانی بووڵتەنی نووڕۆژی رووداو کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات و لەبارەی مێژووی کوردانی گۆلان و نێوەڕۆکی کتێبەکەوە زانیاریی دا.
"لە گۆلان 164 گوندی کورد هەبوون"
د. حەساف، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم کتێبە بەڵگەنامەیەکی گرنگە لە دژی سیاسەتی سڕینەوەی ناسنامەی کوردی و گوتی: "خەڵک وایان دەزانی تەنیا چەند کوردێک بە شێوەیەکی پەرش و بڵاو لە گۆلان دەژیان، بەڵام ئەم کتێبە ئاشکرای دەکات کە پێش شەڕی 1967، 164 گوندی کورد لەوێ هەبوون. نووسەر کە ئەم کتێبەی لە یەکێک لە گرنگترین زانکۆکانی جیهان نووسیوە، ناوی گوندەکان و شوێنی کوردەکانی بەباشی دیاری کردووە." سەبارەت بە کاریگەریی ئابووری و سیاسیی کورد لە ناوچەکە، د. حەساف ئەوەی خستەڕوو کە کورد نەک هەر خاوەن نفوز بوون، بەڵکو خاوەنی موڵک و ماڵێکی زۆریش بوون و گوتی: "تەنیا سێ بنەماڵەی کوردی دیمەشق خاوەنی زیاتر لە 450 هەزار دۆنم زەوی بوون لە گۆلان. کورد لەوێ دەرەبەگ (ئاغا) بوون و رۆڵیان لە کشتوکاڵ، ئاژەڵداری، بازرگانی و تەنانەت لە هێزی سەربازیشدا زۆر گەورە بوو. کاریگەرییان لەسەر ناوچەکە بەهێز بوو و وەک کارگێڕ بوون."
رەگ و ریشەی کورد لە دیمەشق و گۆلان
لەسەر مێژووی هاتنی کورد بۆ دیمەشق و هەرێمی گۆلان، پسپۆڕی فەلسەفەی مێژوو رەگ و ریشەی ئەمە بۆ سێ هەزار ساڵ پێش ئێستا و سەردەمی دەوڵەتی میتانی دەگەڕێنێتەوە، بەڵام بوونی بەرچاوی نوێیان بە هاتنی سەڵاحەدینی ئەییووبییەوە دەبەستێتەوە. د. ئیسماعیل حەساف گوتی: "لە ساڵی 1174 کاتێک سەڵاحەدین لەسەر داوای زانا و ناودارانی دیمەشق هات و شارەکەی گرت، سەرباز و هێزە کوردەکانی بوونە پاسەوانی سنوور و ناوچە ستراتیژییەکان. گۆلانیش ناوچەیەکی زۆر ستراتیژی و جیۆپۆلەتیکییە، کە دەکەوێتە سەر سنووری ئوردن، لوبنان و فەلەستین." هەروەها ئاماژەی بە دروستکردنی گەڕەکە دێرینەکانی دیمەشق لەلایەن کوردەوە کرد و گوتی، "گەڕەکی روکنەدین بە ناوی روکنەدین و شەرەفەدینی میری ئەییووبییەوەیە، گەڕەکی مەیدانیش شوێنی سەربازانی سەڵاحەدین بوو. هەموو ئەو ناوچانە کورد ئاوەدانی کردوونەتەوە."
"سیاسەتی تواندنەوە و ئایین بوونە هۆی لەبیرکردنی زمان"
سەرەڕای ئەو بوونە بەهێزە، ئەو پرسیارەی دێتە ئاراوە ئەوەیە، کە بۆچی کوردانی دیمەشق و گۆلان زمانی خۆیان لەبیر کرد و تواندنەوەیەکی خێرا لەنێویاندا روویدا. د. ئیسماعیل حەساف هۆکارەکەی بۆ دووریی جوگرافی و دۆخی ئایینی دەگەڕێنێتەوە و ئاشکرای دەکات: "ناوچەکانیان لە ناوەندی کوردستانەوە دوور بوون. هەروەها نەتەوەکانی وەک ئەرمەن کەنیسەیان هەبوو کە زمانیانی دەپاراست، بەڵام لەبەر ئەوەی کورد موسڵمان بوون، لە مزگەوت و قوتابخانەکاندا زمانی عەرەبییان بەکاردەهێنا و مامەڵە بازرگانییەکانیان بە عەرەبی بوو. ئەمە لەگەڵ سەدان ساڵ دووری و سیاسەتی تواندنەوەی حکومەتی سووریا، بووە هۆی لەبیرکردنی زمانی کوردی."
داوای گەڕانەوە بۆ ناسنامە
دوای شەڕی شەش رۆژەی حوزەیرانی 1967 و داگیرکردنی بەشێکی گەورەی گۆلان لەلایەن ئیسرائیلەوە، زۆربەی کوردانی گۆلان بۆ دیمەشق و ناوچەکانی دیکە کۆچیان کرد، بەڵام د. حەساف جەخت لەوە دەکاتەوە کە مێژوو هەرگیز ئەم راستییانە ون ناکات. ئەو گوتی، "بوونیان لە مێژوودا چەسپاوە. ناوی گوندەکانیان، بنەماڵە و عەشیرەتەکانیان وەک یووسف پاشا، بەرازی و زازا لە تۆمارەکاندا هەن و ئەمە لەبیر ناکرێت." لە کۆتاییی قسەکانیدا، د. ئیسماعیل حەساف داوای لە کوردانی ئەو هەرێمە کرد کە خاوەندارێتی لە ناسنامەی خۆیان بکەن و گوتی: "لەم گۆڕانکارییە نوێیانەی سووریادا دەرفەتێکی بچووک بۆ کورد رەخساوە. پێویستە کورد، چ ئەوانەی گۆلان بن یان ناوچەکانی دیکە، خاوەندارێتی لە خۆیان بکەن. دەبێت بگەڕێنەوە سەر نەتەوەی خۆیان و هەندێکیان بیانەوێت زمانی دایکیان سەرلەنوێ فێر ببنەوە."


