رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی سووریا رایگەیاند، "دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل" بۆ سەر خاکی وڵاتەکەی لە 8ـی ئابی 2024ـەوە بەردەوامە و داوای کشانەوەی بەپەلەی هێزەکانی ئەو وڵاتە دەکات بۆ هێڵەکانی پێش ئەو رێکەوتە، هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد، هەر بڕیارێک بۆ لکاندنی بەرزاییەکانی گۆلان بە ئیسرائیلەوە، تەنیا مەرەکەبی سەر کاخەزە.
رۆژی یەکشەممە، 18ی تشرینی یەکەمی 2026، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە کاتی کۆبوونەوەی وڵاتانی رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی لە بەغدا ئاماژەی بەوە کرد، ئیسرائیل "لە رێگەی وێرانکردنی ژێرخان و داگیرکردنی زەوییەکانی سووریا لە سنوورەکانی باشوور، هاوشانی دەستگیرکردنی هاووڵاتییان کە تاوەکو ئێستا چارەنووسی دەیان هەزاریان نادیارە، بەردەوامی بە دەستدرێژییەکانی دەدات"؛ گوتیشی، پشێوییەکانی ناوچەکە بەهۆی پاڵپشتیکردنی گرووپە لەیاسادەرچووەکان لە پارێزگای سوەیدا بە چەک و پارە لەلایەن ئیسرائیلەوە دروستبوون.
رۆژی 8ی کانوونی یەکەمی 2024، هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئەو کات لە سووریا حکومەتی بەشار ئەسەدیان رووخاند و حکومەتێکی نوێیان لەو وڵاتە دروستکرد. لەو رۆژەوە سوپای ئیسرائیل لە ناوچەکانی باشووری سووریا پێشڕەوی زیاتری بەرەو قوڵایی خاکی وڵاتەکە کردووە. بە گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل، ئەمە بۆ پاراستنی هاووڵاتیانیانە لە ناوچەکانی باکووری وڵاتەکەیان لە هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سووریا.
وەزیری دەرەوەی سووریا لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا داوای گەڕانەوەی دەستبەجێی کرد بۆ رێککەوتنی جیاکردنەوەی هێزەکانی ساڵی 1974 و رەخساندنی دەرفەت بۆ هێزی چاودێریی جیاکردنەوەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، تاوەکو ئەرکەکانی خۆیان بە تەواوەتی جێبەجێ بکەن؛ هەروەها داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد پشتیوانی لە یەکپارچەیی، ئاسایش و سەروەریی خاکی سووریا بکەن و گوشار بخەنە سەر ئیسرائیل بۆ راگرتنی ئەم پێشێلکارییانە لە پێناو بەدیهێنانی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
سەبارەت بە دۆسیەی گۆلانیش، وەزیری دەرەوەی سووریا دووپاتی کردەوە کە گۆلان پارچە زەوییەکی بەنرخی سووریایە و بەپێی بڕیاری ژمارە 497ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەر بڕیارێک لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ لکاندنی ئەو ناوچەیە دەربچێت، تەنیا مەرەکەبی سەر کاخەزە و هیچ بایەخێکی یاسایی نییە.
لە ساتی دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێ لە سووریا، دیمەشق پەیوەندییەکی باشتری لەگەڵ تەلئەڤیڤ هەیە بەراورد بە سەردەمی ئەسەد. شاندی هەردوولا چەند جارێک لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان و پاریسی پایتەختی فەرەنسا کۆبوونەتەوە.


