رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵەی موبادیر بۆ گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دۆخی مەترسیداری مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردەی لە گەڕەکە کوردنشینەکانی شێخ مەقسوود و ئەشڕەفییە لە حەلەب، هەروەها لە ناوچەکانی عەفرین و شەهبا ئاشکرا کرد. بەپێی راپۆرتەکە، 1417 مامۆستا بەهۆی گۆڕانکارییە ئەمنی و کارگێڕییەکانی دوای کانوونی دووەمی 2024ـەوە، رووبەڕووی قەیرانێکی قوڵی مرۆیی، ئابووری و پەروەردەیی بوونەتەوە و مووچەکانیان راوەستێنراوە. زەهایدە رەشید، مامۆستا و راگەیاندکاری پێشووی کۆمیتەی پەروەردە لە شێخ مەقسوود و ئەشڕەفییە، کە خۆیشی یەکێکە لەو مامۆستایە زیانلێکەوتووانە، ژمارە و وردەکارییەکانی قەیرانەکەی بۆ رووداو پشتڕاست کردەوە.
مامۆستا زەهایدە رەشید لە کاتی بەشداریکردنیدا لە بووڵتەنی نووڕۆژی رووداو، کە لەلایەن نالین حەسەنەوە پێشکێش دەکرێت، گوتی: "لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشڕەفییە 400 مامۆستا هەن. بەڵام ئەگەر باس لە عەفرین و شەهباش بکەین، ژمارەی گشتیی ئەو مامۆستایانەی زیانیان بەرکەوتووە، 1417 مامۆستان".
سەبارەت بە پرۆسەی تێکەڵکردن (ئینتیگراسیۆن)، زەهایدە رەشید جەختی لەوە کردەوە، کە تاوەکو ئێستا هیچ پێشکەوتنێک نەبووەو گوتی: "تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک تێکەڵ نەکراوە. دەبێت تێکەڵکردن بە شێوازێکی گشتی بێت، نەک تاکەکەسی. دۆسیەی هەموو 400 مامۆستاکە تاوەکو ئەم ساتە یەکلایی نەکراوەتەوە.» هەرچەندە کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی پەروەردەی حەلەب دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ شتێک بە شێوازێکی کردەیی چارەسەر نەکراوە.
راوەستانی مووچە بۆ ماوەی 9 مانگ کاریگەرییەکی خراپی لەسەر ژیانی مامۆستایان هەبووە. زەهایدە رەشید دۆخەکە بەم شێوەیە شی دەکاتەوە: "مامۆستایانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشڕەفییە لە کۆچبەری و شەڕدا زۆر زەحمەتیان بینیوە. هەموو خێزان و مامۆستایەک بەو مووچەیە ژیانی خۆیان بەڕێوە دەبرد. ئێستا دۆخەکە زۆر سەخت بووە و زۆر شتی نەرێنی دروست بوون."
سەبارەت بە دۆخی ساڵی نوێی خوێندن لەو دوو گەڕەکەدا، مامۆستا زەهایدە رەشید رایگەیاند کە ساڵی نوێی خوێندن لە 20 قوتابخانەی هەردوو گەڕەکەکەدا دەستی پێکردووە، بەڵام بە گۆڕانکاریی گەورە. قوتابخانەکان ئێستا سەر بە حکومەتی سووریان و رێبازی خوێندن بە زمانی عەرەبییە. هەرچەندە بەڵێن دراوە کە هەفتانە سێ کاتژمێر دەرس زمانی کوردی هەبێت، بەڵام لە کرداردا هیچ شتێک نییە، تەنها قسەیە."
گۆڕینی سیستەمی خوێندن، کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر قوتابییانیش دروست کردووە، بەتایبەت ئەو قوتابییانەی کە بە ساڵان بە زمانی کوردی خوێندوویانە. بەگوێرەی قسەی زەهایدە رەشید، لە کۆی 4000 قوتابی لە هەردوو گەڕەکەکەدا، بەشێکی گەورەیان خوێندنیان بایکۆت کردووە و وازیان هێناوە. زەهایدە رەشید دەڵێت: "هەندێکیان قبوڵ ناکەن بچن بە عەرەبی بخوێنن، بەتایبەت ئەوانەی بە زمانی کوردی خوێندوویانە، چونكە بۆیان سەختە... بۆ ئەمساڵ تەنها دوو هەزار قوتابی ناوی خۆیان تۆمار کردووە و دوو هەزار قوتابیی دیکەیش بایکۆتیان کردووە."
سەبارەت بەو قوتابییانەی کە بەڵگەنامەکانیان ونن یان بەهۆی شەڕی ئەم دواییەی شێخ مەقسوود و ئەشڕەفییەوە سووتاون، زەهایدە رەشید کە ماوەی 10 ساڵ وەک راگەیەندکاری کۆمیتەی پەروەردەی بەڕێوەبەریی خۆسەر لە هەردوو گەڕەکدا کار کردووە، دەڵێت: «دۆخی ئەو قوتابییانەی کە بەڵگەنامە کۆنەکانیان ونن هێشتا ناڕوونە، بەڵام ئەوان ئێستا بە کاغەزێکی کاتییەوە دەچنە قوتابخانە، تاوەکو دۆخەکەیان روون دەبێتەوە".

