رووداو دیجیتاڵ
درەنگانی شەوی پێنجشەممە 27ی ئاب، زرێپۆش و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی ئیسرائیل چوونە نێو گوندی (بریقە) لە سنووری پارێزگەی قونەیترەی باشووری سووریا، هاوکات لەگەڵ هەڵمەتێکی پشکنینی ماڵان لە گوندی (رەسم عەجرەف) لە گوندەواری هەمان پارێزگە.
میدیای فەرمیی سووریا بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئیسرائیل بە دوو گوللـەتۆپ ناوچەی نێوان شارۆچکەی (بەیت جن) و (تەلال حومر)ـیان لە گوندەواری رۆژئاوای دیمەشق کردووەتە ئامانج.
میدیاکە ئاماژەی بەوە کردووە کە "هێزەکانی داگیرکاریی ئیسرائیل بە زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە دەچنە نێو گوندی بریقە لە گوندەواری باشووری قونەیترە."
هەروەها بڵاویکردووەتەوە: "هێزەکانی داگیرکاریی ئیسرائیل هەڵمەتێکی پشکنینی ماڵان لە گوندی رەسم عەجرەف لە گوندەواری باشووری قونەیترە دەستپێکردووە."
لە هەواڵێکی دیکەشدا کە دواتر بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت: "هێزەکانی داگیرکاریی ئیسرائیل بە دوو گولـلەتۆپ ناوچەی نێوان شارۆچکەی بەیت جن و تەلال حومر لە گوندەواری رۆژئاوای دیمەشق دەکەنە ئامانج."
تاوەکو ئێستا قەبارەی زیانە گیانی و ماددییەکانی ئەم هێرش و جووڵە سەربازییە روون نین، هەروەها دەسەڵاتدارانی سووریاش هیچ لێدوانێکی فەرمییان لەسەر ئەو سێ رووداوە نەداوە.
ناوچەکانی باشووری سووریا بەردەوام رووبەڕووی سنووربەزاندنی زەوینی و هێرشی ئیسرائیل دەبنەوە، بەتایبەتی لە هەردوو پارێزگای قونەیترە و دەرعا؛ کە هەڵمەتی هەڵکوتانەسەر، پشکنین، دەستگیرکردن و دانانی خاڵی پشکنینی سەربازی لەخۆدەگرن.
بەرەبەیانی رۆژی 18ـی ئابی ئەمساڵیش، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل 8 هێرشی ئاسمانییان کردە سەر رێڕەوی فڕینی فڕۆکەخانەی سەربازیی ئەبو زوهوور لە پارێزگای ئیدلب لە باکووری رۆژئاوای سووریا، کە بەهۆیەوە زیان بە ژێرخانی فڕۆکەخانەکە گەیشت.
رۆژی 26ـی تەممووزی رابردوو، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا رایگەیاند، وڵاتەکەی بە بەشداریی چەند وڵاتێک کار دەکات بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێکی ئەمنی لەگەڵ ئیسرائیل. گوتیشی: "ئەگەر رێککەوتنەکە سەربگرێت، ئەوا رێگە خۆش دەکات بۆ ئاشتییەکی گشتگیر، بەبێ ئەوەی دەستبەرداری مافی سووریا بین لە گۆلانی داگیرکراودا."
لە ساڵی 1967ـەوە، ئیسرائیل بەشێکی زۆری رووبەری گۆلانی داگیرکردووە. دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدیش لە کۆتایی ساڵی 2024، ئیسرائیل هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی "لێکجیاکردنەوەی هێزەکان"ـی راگەیاند کە لە ساڵی 1974 واژۆ کرابوو؛ بەمەش ناوچەی دابڕاوی نێوان هەردوو وڵات و چەندین پێگەی دیکەی لەنێو خاکی سووریا داگیرکرد، لەنێویاندا دیوی سووریای چیای حەرەموون.


