رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بە رووداوی راگەیاند، هێشتا کاتی کردنەوەی باڵیۆزخانەکەیان لە دیمەشق دیار نییە، بەڵام وەزارەتەکە "بە هەموو هێزی خۆیەوە" کار دەکات بۆ ئەوەی دەست بە پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە هاووڵاتیان بکاتەوە. وەزارەتەکە باس لەوە دەکات کە بەرلین و دیمەشق لە گفتوگۆی "نزیک و بەردەوامدان" سەبارەت بە گەڕانەوەی سووریاییەکان و ئاوەدانکردنەوەی ئەو وڵاتە.
گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە (27ی ئابی 2026) وەڵامی پرسیارەکانی کەهی مەحموود، ئێدیتۆر لە دێسکی نێودەوڵەتیی بەشی ئینتەیکی تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە.
ئەو گوتەبێژە لەبارەی گەڕاندنەوەی پەناخوازە سووریاییەکان رایگەیاند: "حکومەتی فیدراڵ لە سەرجەم ئاستەکانی پەیوەندییە دوولایەنەکانی لەگەڵ حکومەتی سووریا لە گفتوگۆی نزیک و رێکخراودایە، کە بابەتی گەڕانەوەش دەگرێتەوە. تەوەرەکانی گفتوگۆکە بریتیین لە ئاوەدانکردنەوەی وڵات، گەشەپێدانی ئابووری و دابینکردنی مەرجی گونجاو بۆ پاڵپشتیکردنی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە."
سەبارەت بە نوێنەرایەتیی دیپلۆماسیی ئەڵمانیا لە سووریا، ئەو گوتەبێژە روونیکردەوە کە هێشتا کاتی دەستپێکردنەوەی کارەکانی باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە دیمەشق "دیار نییە."
گوتەبێژی وەزارەتەکە گوتی: "وەزارەتی دەرەوە بە هەموو توانای خۆیەوە کاردەکات بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەکانی سەرلەنوێ دەستپێبکەنەوە؛" ئاماژەی بەوەش کرد کە باڵیۆزخانەکەیان لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان کارەکانی باڵیۆزخانەی وڵاتەکە لە دیمەشق دەکات.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، لە 30ی ئاداری ئەم ساڵدا سەردانی ئەڵمانیای کرد و لەگەڵ فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا کۆبووەوە.
مێرتس هیوای خواست لە سێ ساڵی داهاتوودا نزیکەی 80%ی پەناخوازانی سووریای دانیشتووی ئەڵمانیا بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.
ئامارەکان باس لەوە دەکەن، نزیکەی 950 هەزار هاووڵاتیی سووریایی لە ئەڵمانیان.


