رووداو دیجیتاڵ
ئامادەکردنی:
شیلان حەبیب
ماڵباتێکی کورد کە دانیشتووی شارۆچکەی تەبقان لە سنووری رەققەی سووریا، دەڵێن، کوڕێکیان لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە رفێندراوە و، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن چارەنووسی ئاشکرا بکەن.
مزگین داوود حەسێ، رۆژی 3ی ئاب، دوای رووداوێکی تەقەکردن لە نزیک ماڵیان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە و دیار نییە لەکوێیە.
ئەمڕۆ چوارشەممە رامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بە رووداوی راگەیاند، "بەیانیی رۆژی دووشەممە لە شاری تەبقا، چەند کەسێک تەقەیان لە ماڵی مزگین کردووە و دوای گەیشتنی هێزە ئەمنییەکان، لەبری دەستگیرکردنی تەقەکەرەکان، خودی مزگین دەستگیرکراوە."
بنەماڵەی مزگین کە قسەیان بۆ روانگەی سووری کردووە، ئاشکرایان کردووە، پێشتر کەسێک بە ناوی (ئیبراهیم حەبیجان) هەڕەشەی لێکردوون. ئەوان دەڵێن، هۆکاری ئەم هەڕەشانە تەنیا بۆ دژایەتیکردنی بوونی کوردە لە شاری تەبقا. هەرچەندە سکاڵای یاساییان تۆمار کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا کوڕەکەیان ئازاد نەکراوە.
برایەکی مزگین دەڵێ: "داوا دەکەین دەستبەجێ شوێنی دەستبەسەرکردنی مزگین ئاشکرا بکرێت و لە سەلامەتیی گیانی دڵنیامان بکەنەوە. ئەگەر هیچ بنەمایەکی یاسایی بۆ گرتنی نییە، دەبێت ئازاد بکرێت."
بنەماڵەکە دەڵێن، کەسی هەڕەشەکەر لای ئەوان ناسراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ رێکارێکی یاسایی لە دژی نەگیراوەتە بەر. روانگەی سووریی بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوە کردووە، زانیارییان لەسەر ئەو کەسە هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامێکی فەرمییان لە لایەنە ئەمنییەکانەوە وەرنەگرتووە.


.jpg&w=3840&q=75)

