رووداو دیجیتاڵ بەرپرسێکی حکوومەتی راگوزەری سووریا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وڵاتەکەیان سەرقاڵی دانانی بۆرییەکی نوێی نەوتە بە درێژیی هەزار و 520 کیلۆمەتر، بۆ ئەوەی رۆژانە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی عێراق بۆ بەندەرەکانی دەریای نێوەڕاست بگوازێتەوە. ئەم هەنگاوەش بە بووژانەوەیەکی گەورەی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی وزە لەنێوان دیمەشق و بەغدا دادەنرێت. ئەم پڕۆژەیە لە سەردانەکەی ئەم دواییەی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ دیمەشق گفتوگۆی لەسەر کرا، کە تێیدا لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا باسیان لە دەستپێشخەریی بۆرییە نەوتەکە و پەیوەندییەکانی وزە، ئاسایش و ئابووری کرد. لە هەڤپەیڤینێکدا، ئەندازیار ئەحمەد قەبەجی، جێگری بەڕێوەبەری کاروباری گواستنەوە و کۆگاکردن لە کۆمپانیای نەوتی سووریا کە سەر بە وەزارەتی وزەی سووریایە، بۆ یەکەمین جار وردەکاریی تەواوی پڕۆژەکەی بۆ نالین حەسەن، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو خستنەڕوو. قەبەجی جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هێڵە نوێیە جێگەی بۆرییە کۆنەکەی کەرکووک - بانیاس دەگرێتەوە کە تەمەنی زیاتر لە 70 ساڵە و لە کاتی شەڕی سووریادا بەسەختی زیانی پێگەیشتووە. گوتیشی: "نۆژەنکردنەوەی ئەستەمە، بۆرییەکە تەمەنی بەسەرچووە، بۆیە بۆرییەکی نوێ بە توانایەکی زۆر گەورەترەوە لە جێگەی دادەنرێت." بۆرییە نوێیەکە هەمان رێڕەوی کۆن دەگرێتەبەر: لە کەرکووکەوە دەستپێدەکات، بە دەروازەی سنووریی تەنەف و حومسدا تێدەپەڕێت و دەگاتە بەندەرەکانی بانیاس و تەرتووس لە رۆژئاوای سووریا. لە کۆی هەزار و 520 کیلۆمەترەکە، نزیکەی 490 بۆ 500 کیلۆمەتری دەکەوێتە نێو خاکی سووریاوە و تیرەی بۆرییەکەش 48 ئینچ دەبێت. بەرپرسە سوورییەکە باسی لەوە کردووە، هەردوولا لەسەر ئاستی حکوومەت و کۆمپانیاکان، لەنێویاندا کۆمپانیای سۆمۆ و وەزارەتی نەوتی عێراق، گفتوگۆی چڕیان کردووە و گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی سەرەتایی و چاوەڕوان دەکرێت "لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا" یاداشتی لێکتێگەیشتن واژۆ بکرێت. هەروەها گوتیشی: "نزیکەی شەش کۆمپانیا لە پڕۆژەکەدا بەشدارن و لە رۆژانی داهاتوودا ناوەکانیان رادەگەیەنین." پێشبینیش دەکرێت لە ماوەی 30 مانگدا دوای واژۆکردنی رێککەوتنی کۆتایی، پڕۆژەکە تەواو بکرێت. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، قەبەجی ئاماژەی بەوە کرد، لێکۆڵینەوە دەکەن بۆ دروستکردنی هێڵێکی نوێی گواستنەوەی گازیش لەنێوان عێراق و سووریا، چونکە هێڵە کۆنەکە لەکارکەوتووە. هاوکات باسی لەوە کرد، ئێستا رۆژانە نزیکەی هەزار تانکەر سووتەمەنیی عێراق دەگاتە سووریا و چاوەڕوان دەکرێت گرێبەستێکی نوێ بۆ نەوتی خاوی عێراق واژۆ بکرێت کە لەوانەیە رۆژانە هەزار تانکەری دیکە بۆ ئەو ژمارەیە زیاد بکات. ئەگەر ئەم پڕۆژەی بۆرییە جێبەجێ بکرێت، سووریا جارێکی دیکە دەبێتەوە رێڕەوێکی سەرەکیی ناوچەکە بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق و پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەشێوەیەکی بەرچاو بەهێزتر دەبن.