رووداو دیجیتاڵ سەرچاوەیەکی سەربازیی سووریا رەتیکردەوە ئێران هێرشی کردبێتە سەر بنکەی تەنەف لەسەر سنووری وڵاتەکەی. ئەمە لە کاتێکدایە سوپای پاسداران رایگەیاندبوو وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئەمریکا، ئەو بنکەیەیان بۆردوومان کردووە. رۆژی هەینی، 17-07-2026، سەرچاوەیەکی سەربازیی سووریا بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند: "هەر جۆرە بۆردوومانێکی ئێرانی بۆ سەر ناوچەی تەنەف رەتدەکەینەوە." پێشتر سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندبوو، بنکەی تەنەفیان لەسەر سنووری هاوبەشی نێوان سووریا، ئوردن و عێراق کردووەتە ئامانج. تاران دەڵێت، ئەم هێرشە وەک وەڵامێک بووە بۆ ئەو هێرشانەی ئەمریکا لەم دواییانەدا کردوویەتییە سەر بنکەکانیان. بنکەی تەنەف پێشتر لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە وەک بەشێک لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بەکاردەهێندرا، بەڵام هێزەکانی ئەمریکا لە سەرەتای ئەمساڵدا لەو بنکەیە کشانەوە. ئێستا ناوچەکە لە قۆناخێکی زۆر هەستیاردایە و ململانێی نێوان واشنتن و تاران گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر وڵاتانی ناوچەکە.