رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمین جار دوای رووخانی رژێمی پێشووی سووریا، شاندێکی باڵای دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق و نوێنەرانی حیزبوڵڵای لوبنانی بە چاودێری و نێوەندگیریی تورکیا کۆبوونەوەیەکی نهێنی و رووبەڕوویان کردووە، بە مەبەستی هێورکردنەوەی ئەو گرژییانەی لە نێوانیاندا دروستببوون.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری شەش سەرچاوەی ئاگادار لە دانوستاندنەکان (لەوانە دوو بەرپرسی سووری، بەرپرسێکی ئەمریکی و سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنیی لوبنانی نزیک لە حیزبوڵڵا) ئاشکرای کرد، ئەم دیدارە هەستیارە مانگی رابردوو لە تورکیا بەڕێوەچووە و نوێنەرانی حیزبوڵڵا لەگەڵ بەرپرسانی هەواڵگری و وەزارەتی دەرەوەی سووریا کۆبوونەتەوە.
بۆ ماوەی چەندین ساڵ، حیزبوڵڵای لوبنانی هەزاران چەکداری رەوانەی سووریا کرد بۆ بەرگریکردن لە رژێمەکەی بەشار ئەسەد. بەڵام دوای ئەوەی لە کۆتاییەکانی ساڵی 2024دا ئۆپۆزسیۆن لە ئۆپەراسیۆنێکی خێرادا دەسەڵاتی دیمەشقی گرتە دەست، گرژییەکی زۆر لە نێوان حکومەتی نوێی سووریا و حیزبوڵڵادا دروستبوو.
دیمەشق بزووتنەوەکەی بە گواستنەوەی چەک بەناو خاکی سووریادا تۆمەتبار کرد، لە کاتێکدا ئەمریکاش هانی سوپای سووریای دەدا کە هێز بنێرێتە ناو لوبنان بۆ لێدان لە حیزبوڵڵا.
داواکاری و بەڵێنەکانی نێوان دیمەشق و حیزبوڵڵا
بەپێی گوتەی سەرچاوەکان، کۆبوونەوەکە لەسەر داواکاریی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی تورکیا رێکخراوە و لە رووی ئەمنییەوە "زۆر باش" بەڕێوەچووە و هەردوولا گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە هیچ دوژمنایەتییەک لە نێوانیاندا نەبێت.
بەرپرسێکی سووری بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، دیمەشق دڵنیایی داوەتە حیزبوڵڵا کە "بە هیچ شێوەیەک دەستوەردانی سەربازی لە لوبنان ناکات بە مەبەستی چەکداماڵینی بزووتنەوەکە." لە بەرامبەریشدا، لایەنی سووری داوای لە حیزبوڵڵا کردووە هەوڵەکانی قاچاخچێتیی چەک لەسەر سنوورەکان رابگرێت و ئەو شانە نووستووانەی هەڵبوەشێنێتەوە کە هێشتا لە ناوخۆی سووریا، بەتایبەت لە باشووری وڵاتەکە ماون.
سەرەڕای ئەوەی نوێنەرانی حیزبوڵڵا وەڵامێکی یەکلاکەرەوەیان لەسەر راگرتنی گواستنەوەی چەک نەداوەتەوە، بەڵام بەڵێنیانداوە کە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی سووریادا نەکەن.
سەرچاوە ئەمنییە لوبنانییەکە ئاماژەی بەوە کرد کە هەردوولا "پێشکەوتنی گەورەیان لە پرسە ئەمنییەکاندا بەدەستهێناوە".
نیگەرانییەکانی ئێران لە کۆبوونەوەکە
هەرچەندە کۆبوونەوەکە بە نێوەندگیریی تورکیا بەڕێوەچووە، بەڵام ئێران کە گەورەترین پاڵپشتی حیزبوڵڵایە، لەم دیدارەدا بێبەش کرابوو.
سەرچاوە لوبنانییەکە ئاشکرای کرد، حیزبوڵڵا بە ئاگاداریی ئێران بەشداریی کۆبوونەوەکەی کردووە، بەڵام "تاران زۆر بێهیوا بووە لەوەی کە بەشداریی راستەوخۆی پێنەکراوە"، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە "ئێستا ئەحمەد شەرع هەر جۆرە بیرۆکەیەک بۆ دروستکردنی پەیوەندیی راستەوخۆ لەگەڵ ئێران رەتدەکاتەوە."
ئەو سەرچاوەیە روونیکردەوە ئەم بێهیواییەی تاران هۆکاری سەرەکی بووە بۆ ئەوەی کۆبوونەوەکە نەگاتە رێککەوتنی کۆتایی و هیچ راگەیێندراوێکی فەرمی لەبارەیەوە بڵاونەکرێتەوە.
پێشتریش لە رۆژی سێشەممەدا دیمەشق دەستگیرکردنی شانەیەکی سەر بە حیزبوڵڵای لە باشووری سووریا راگەیاند، بەڵام حیزبوڵڵا بە تووندی ئەو تۆمەتەی رەتکردەوە و جەختی کردەوە، هیچ جۆرە ئامادەییەکی سەربازی و ئەمنیی لەسەر خاکی سووریا نەماوە.


.jpg&w=3840&q=75)