رووداو دیجیتاڵ
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە سەردانێکیدا بۆ دیمەشق، لاپەڕەیەکی نوێی لە پەیوەندییەکانی نێوان پاریس و سووریا هەڵدایەوە. ماکرۆن لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا کۆبووەوە و رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە هاوکاریی سووریا بکات لە قۆناخی گواستنەوە بەرەو دەسەڵاتی یاسا و ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی ئابووریی وڵاتەکە.
ئەم سەردانەی ماکرۆن کە یەکەم سەردانی سەرۆکێکی فەرەنسایە بۆ سووریا لە ساڵی 2009ـەوە لە کاتێکدایە کە سووریا قۆناخی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدی جێهێشتووە. ماکرۆن لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ ئەحمەد شەرع گوتی: "پێویستە دیکتاتۆرییەت جێگەی خۆی بۆ دەسەڵاتێکی راستەقینەی یاسا چۆڵ بکات؛" ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمە تاکە رێگەیە بۆ بونیاتنانی سووریایەکی نوێ و گەیشتن بە خۆشگوزەرانی.
تەقینەوەکان و پێداگریی ماکرۆن
سەردانەکەی ماکرۆن بێ گرفت نەبوو؛ کەمێک دوای گەیشتنی بە دیمەشق، دوو تەقینەوە لە نزیک ئەو هۆتێلەی لێی دەمایەوە روویاندا و لە ئەنجامدا 18 کەس بریندار بوون. سەرەڕای ئەم مەترسییە ئەمنییە، ماکرۆن سوور بوو لەسەر بەردەوامبوونی سەردانەکەی و لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "هیچ شتێک ناتوانێت بڕیاری سووریاییەکان بۆ ژیان لە وڵاتێکی سەروەر و ئارامدا تێکبدات."
هەروەها، ئەحمەد شەرع ستایشی "ئازایەتی" ماکرۆنی کرد بۆ بەردەوامبوونی لە سەردانەکە سەرەڕای تەقینەوەکان، کە گومان دەکرێ پاشماوەکانی رێکخراوی داعش لە پشتەوەی بن.
رێککەوتنی ستراتیژی و گەڕانەوەی باڵیۆزەکان
لە رووی دیپلۆماسی و ئابوورییەوە، ئەم سەردانە ئەنجامی بەرچاوی هەبوو. هەردوو سەرۆک رێککەوتن لەسەر دەستنیشانکردنی باڵیۆز بۆ پایتەختەکانی یەکدی. هەروەها فەرەنسا بەڵێنی دا هاوکاریی سووریا بکات لە بونیاتنانەوەی کەرتی بانکی.
گەڕانەوەی باڵیۆزەکان بۆ پایتەختەکانی یەکدی دوای ئەوە دێت کە لە ساڵی 2012ەوە فەرەنسا باڵیۆزی سووریای لە پاریس دەرکرد و باڵیۆزخانەکەی خۆی لە دیمەشق داخست. لەو ماوەیەدا، فەرەنسا لە رێگەی نێردەیەکی دیپلۆماسی لە بەیرووتـەوە کاروباری سووریای رادەپەڕاند، بەڵام ئەم بڕیارە مێژووییەی نێوان ئیمانوێل ماکرۆن و ئەحمەد شەرع کۆتایی بەو دۆخە دەهێنێت و ئێستا هەردوو وڵات کار بۆ دەستنیشانکردنی باڵیۆزە نوێیەکانیان دەکەن.
یەکێکی دیکە لە بڕیارە سەرەکییەکان، گەڕاندنەوەی بڕی 51 ملیۆن یۆرۆ (نزیکەی 58 ملیۆن دۆلار) بوو بۆ سووریا، کە پێشتر لەلایەن فەرەنساوە لە رەفعەت ئەسەد، مامی بەشار ئەسەد، دەستی بەسەردا گیرابوو.
ماکرۆن کە شاندێکی گەورەی بازرگانی و سەرۆکی کۆمپانیاکانی وەک (TotalEnergies) و (CMA CGM)ی لەگەڵ بوو، رایگەیاند کە پاریس ئامادەیە پشکێکی گەورەی لە پڕۆژەکانی وزە و گواستنەوەی سووریادا هەبێت.
هاوئاهەنگی سەربازی و پرسی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
لە رووی ئەمنییەوە، ماکرۆن ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی خەریکی پێناسەکردنەوەی پەیوەندییە سەربازییەکانیەتی لەگەڵ سووریا. ئەمەش ئەگەری پشتگیریکردنی هێزە تایبەتەکانی فەرەنسا بۆ سووریا لە شەڕی دژی داعش و گرووپە توندڕەوەکان دەگرێتەوە. هەروەها پاریس ئامادەیی نیشانداوە بۆ پڕچەککردن و مەشقپێکردنی سوپای سووریا.
سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە، هەردوو سەرۆک جەختیان لە پاراستنی سەروەریی سووریا کردەوە. ماکرۆن سەرکۆنەی بوون و بۆردوومانی ئیسرائیلی لە باشووری سووریا کرد و گوتی: "ئیسرائیل مافی نییە سەروەری و ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ پێشێل بکات؛" هەروەها داوای کرد هەموو ئەو هێزانەی بە نایاسایی لەنێو خاکی سووریادان بکشێنەوە و داکۆکی لە یەکپارچەیی خاکی سووریا کرد.
گەڕاندنەوەی پارچە شوێنەوارە دێرینەکان
هاوکات لەگەڵ ئەم سەردانە، وەزارەتی دەرەوەی سووریا رایگەیاند، لە هەنگاوێکی مێژووییدا 23 پارچە شوێنەواریی دێرینی وڵاتەکەی لە فەرەنساوە وەرگرتووەتەوە. ئەم پارچانە لە ساڵی 2010 بۆ پێشانگەیەک لە پاریس بوون، بەڵام بەهۆی پچڕانی پەیوەندییەکان لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەسەد نەگەڕێندرابوونەوە.
پارچە شوێنەوارەکان لەنێو فڕۆکە تایبەتەکەی سەرۆکی فەرەنسادا گەڕێندرانەوە سووریا. ئەمەش فەرەنسا دەکاتە یەکەم وڵات کە لە هەڵمەتی نیشتمانیی سووریا بۆ وەرگرتنەوەی پارچە شوێنەوارەکان، هاوکاریی حکومەتە نوێیەکە بکات.



