رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی سووریا لە پانێڵێکی تایبەتی ئەنجوومەنی ئەتڵەنتیک لە نیویۆرک، باسی نەخشەڕێگەی داهاتووی سووریا، پڕۆسەی نووسینەوەی دەستووری نوێ، مافەکانی کورد و پەیوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی وڵاتەکەی کرد.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لە گوتارەکەیدا تیشکی خستە سەر چەندین پرسی ستراتیژیی وەک چارەنووسی پێکهاتەکان، رێککەوتنی وزە لەگەڵ عێراق، دانوستاندنەکان لەگەڵ ئیسرائیل و بوونی هێزەکانی رووسیا و تورکیا لە سووریا.
"مەرسوومی ژمارە 13 دەبێتە بەشێک لە دەستووری نوێ"
سەبارەت بە مافەکانی گەلی کورد لە سووریا، سەرۆکی سووریا رایگەیاند، مەرسوومی ژمارە 13، کە تایبەتە بە ناساندنی مافەکانی کورد، وەک خاڵێکی بنەڕەتی بە فەرمی لە ناو دەستووری نوێی وڵاتدا جێگیر دەکرێت.
شەرع گوتی، "بۆ یەکەمجار لە ماوەی 100 ساڵی رابردوودا، کورد مافەکانی خۆی بەدەست دەهێنێت و پێدانی ئەم مافە ئەرکێکی نیشتمانییە."
سەرۆکی کاتیی سووریا جەختی کردەوە، کورد بەشێکی رەسەن و سەرەکیی کۆمەڵگەی سووریان و بۆ یەکەمجارە مافە کولتووری و زمانییەکانیان بە فەرمی دەناسرێن، "لە ناو گفتوگۆکاندا رێککەوتووین لەو ناوچانەی زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردن، خوێندن بە زمانی کوردی بێت."
سەبارەت بە سیستمی بەڕێوەبردنی وڵات، شەرع ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان دژی سیستمی کۆتا و پشککارین، چونکە وڵات لەسەر بنەمای مەزهەبی و نەتەوەیی دابەش دەکات. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، پڕۆسەی نووسینەوەی دەستوور پێش تەواوبوونی ماوەی 5 ساڵەی قۆناخــی گواستنەوە، کۆتایی دێت.
پەیوەندی لەگەڵ هەولێر و بەغدا
شەرع پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە "زۆر باش" وەسف کرد و گوتی، "پەیوەندیی باشمان لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت هەیە؛ ئەوان رۆڵی گرنگیان لە دۆسیەی تێکەڵبوونی هەسەدە لە ناو دەوڵەت و سەقامگیریی سووریادا هەبووە."
سەبارەت بە بەغدا، شەرع ئاماژەی بە پەیوەندییە مێژووییەکان کرد و رایگەیاند، ئێستا کار لەسەر پڕۆژەیەکی ستراتیژیی گەورە دەکەن بۆ راکێشانی بۆریی نەوتی عێراق بۆ بەندەرە سووریاییـەکان لەسەر دەریای ناوەڕاست.
ئەو جەختی کردەوە، ئامانجی ئەم پڕۆژەیە دۆزینەوەی رێگەیەکی ئارامە بۆ هەناردەی وزە تاوەکو ژێرخانی نەوت لە مەترسییەکانی تەنگەی هورمز بپارێزرێت.
ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی رووسیا و تورکیا
ئەحمەد شەرع، ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد کە دوای رووخانی رژێمی پێشوو، دەستدرێژیی کردووەتە سەر خاکی سووریا. ئەو ئاشکرای کرد کە لە دانوستاندنــەکاندا تاوەکو ئاستی 90% نزیک ببوونەوە لە رێککەوتن لەسەر بنەمای سنوورەکانی ساڵی 1974، بەڵام ئیسرائیل لە دوا ساتدا پاشەکشەی کردووە.
سەبارەت بە هێزە بیانییەکانیش، شەرع رایگەیاند، سووریا لە داهاتوویەکی نزیکدا پێویستی بە بنکەی سەربازیی بیانی نامێنێت. ئەو روونی کردەوە کە لەگەڵ رووسیا رێککەوتوون ژمارەی بنکەکانیان کەم بکەنەوە بۆ تەنیا 2 بنکە، کە تەنیا بۆ مەشق و راهێنانی سوپای نوێی سووریا بەکار دێن.
لەبارەی تورکیاشەوە، ئاماژەی بەوە کرد، هێزەکانی تورکیا بەهۆی بارودۆخێکی تایبەتی ئەمنی و شەڕەوە هاتنە ناو خاکی سووریا، بەڵام ئێستا ژمارەی بنکەکانیان کەم بووەتەوە و دانوستاندنــی فەرمی بەردەوامە بۆ ئەوەی پێناسەیەکی یاسایی و رەوا بۆ هەبوونی ئەو هێزانە بدۆزرێتەوە تاوەکو کاتی کشانەوەی تەواوەتییان.


