رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە گەڕاندنەوەی 36 پارچە شوێنەواری دزراویان بۆ سووریا راگەیاند، لەوانەش بەردێکی نەخشێندراو، کە لە کاتی وێرانکارییەکانی گرووپی داعش لە شاری مێژوویی تەدمور بە قاچاخ بردرابوو.
دەسەڵاتدارانی ئەمریکا دەستیان بەسەر ئەم پارچانەدا گرتووە کە بەهاکەیان بە زیاتر لە 5 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت؛ دەستبەسەرداگرتنەکەش لە مۆزەخانەی میترۆپۆلیتانی هونەر لە نیویۆرک و ژمارەیەک لە کۆکەرەوەکانی هونەری کۆن کراوە.
ئەلڤین براگ، داواکاری گشتیی ناوچەی مانهاتن رایگەیاند: "مەراسیمەکانی گەڕاندنەوەی شوێنەوار بیرخەرەوەیەکی بەهێزن بۆ ئەوەی کە پاراستنی میراتی کولتووری سنوورەکان و نەتەوەکان تێدەپەڕێنێت."
بەپێی راگەیێندراوێکی فەرمی، بەردەکەی تەدمور پێش ئەوەی چەکدارانی داعش لە نێوان ساڵانی 2015 بۆ 2017 بەشێکی زۆری ئەو شارە مێژووییە وێران بکەن، لە ناوچە شوێنەوارییەکە دەرهێنرابوو. بەردەکە کێشی زیاتر لە 450 کیلۆگرامە و لە بەردی کلس دروستکراوە، کە وێنەی پیاوێکی پاڵکەوتوو نیشان دەدات ژنێک و سێ منداڵ دەورەیان داوە.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە درێژایی ساڵانی رابردوو چەندین پارچە شوێنەواری تاڵانکراوی بۆ چەندین وڵات گەڕاندووەتەوە، لەنێویاندا چین، یۆنان و ئیتاڵیا.
محەممەد قەناتری، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی سووریا لە واشنتن گوتی، ئەم رادەستکردنەوەیە پیشانی دەدات کە چۆن "پابەندبوونی هاوبەش بۆ پاراستنی میراتی کولتووری دەتوانێت پردی بەردەوام لە نێوان هەردوو وڵاتماندا دروست بکات"؛ گوتیشی، "لە رێگەی هاوکاریی سووری-ئەمریکییەوە، بەشێک لە مێژووی سووریا لە سایەی هەوڵەکانی نووسینگەی داواکاری گشتیی مانهاتن دواجار دەگەڕێتەوە نیشتمان."
چوار لەو پارچە شوێنەوارانە لە مایکڵ شتاینهارت، خاوەنی کۆمپانیای کۆکەرەوەی شوێنەوارەکان لە ئەمریکا، وەرگیراون؛ ئەو کەسەی کە لە ساڵی 2021دا و وەک بەشێک لە رێککەوتنێک لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا، نزیکەی 180 پارچەی دزراوی لە سەرانسەری جیهان بە بەهای گشتیی 70 ملیۆن دۆلار گەڕاندەوە.



