رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی سووریا رایدەگەیێنێت، ئەمڕۆ سێشەممە دوو تەقینەوە لە نزیک وەزارەتی گەشتوگوزار لە دیمەشقی پایتەخت روویان داوە و بەهۆیەوە 18 کەس بریندار بوون، کە 4ـیان پۆلیسن.
وەزارەتەکە بە ئاژانسی فەرمیی سووریای راگەیاند، هێزە ئەمنییەکان لە کاتی پشکنینە مەیدانییەکانیاندا دوو بۆمبی چێندراویان دۆزیوەتەوە و کاتێک تیمە پسپۆڕەکان خەریکی ئامادەکاری بوون بۆ پووچەڵکردنەوەیان، بۆمبەکان تەقیونەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، بۆمبەکان بە شێوەیەکی سەرەتایی دروست کراون؛ یەکەمیان لە ناو ئۆتۆمبێلێکی راگیراو لە کەناری شەقامەکە و دووەمیشیان لە ناو حاویەیەکی زبڵدا دانرابوو. "لێکۆڵینەوەکان بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەو کەسانەی لە پشت ئەم کارەوەن، بەردەوامن."
وەزارەتی ناوخۆی سووریا جەختی کردەوە، شوێنی تەقینەوەکان لە دەرەوەی ئەو ناوچە ئەمنییە بووە کە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا تەرخان کراوە. "ئەم رووداوە هیچ هەڕەشەیەکی بۆ سەر ژیانی سەرۆکی فەرەنسا و بەرنامەی سەردانە فەرمییەکەی دروست نەکردووە و کارەکان بەپێی پلانی دیاریکراو بەردەوام دەبن."
هێزە ئەمنییەکان ناوچەکەیان گەمارۆ داوە بۆ پاراستنی گیانی خەڵک و تیمەکان خەریکی پشکنینی وردی دەوروبەری وەزارەتەکەن تاوەکو دڵنیا بن کە چیدیکە هیچ مەترسییەک لە ئارادا نییە.



