رووداو دیجیتاڵ
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا، رۆژی دووشەممە گەیشتە دیمەشق. ئەمە یەکەم سەردانی سەرۆکی دەوڵەتێکی گەورەی رۆژئاواییە بۆ سووریا لە دوای دەستبەکاربوونی ئەحمەد شەرع لە کۆتایی ساڵی 2024 و رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد.
بەپێی زانیارییەکانی کۆشکی ئێلیزێ، ماکرۆن لەم سەردانەیدا کە ئەمڕۆش بەردەوام دەبێت، داوای بنیاتنانی سووریایەکی ئازاد و فرەرەهەند دەکات کە رێز لە هەموو پێکهاتەکان بگرێت و رۆڵی هەبێت لە هێورکردنەوەی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ماکرۆن لە هەژماری خۆی لە ئێکس نووسیویەتی: "هاتووم تاوەکو پابەندیی فەرەنسا بۆ گەلی سووریا دووپات بکەمەوە، لە پێناو سووریایەکی خاوەن سەروەری و یەکگرتوو کە لەگەڵ دراوسێکانیدا لە ئاشتیدا بێت."
شەرع: فەرەنسا هاوکاری سووریا بووە لە کرانەوەدا
ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی (BFMTV)ی فەرەنسی، پێشوازیی لە سەردانەکە کرد و ستایشی "رۆڵی بنیاتنەری فەرەنسا"ی کرد. شەرع ئاماژەی بەوە کرد کە فەرەنسا لە سەردەمی شۆڕشدا دۆستی گەلی سووریا بووە و پاڵپشتی لە مافی خەڵک بۆ ئازادی و کەرامەت کردووە.
سەرۆککۆماری سووریا جەختی کردەوە، ئەم سەردانە گۆڕانکارییەکی مەزنە لە پەیوەندییەکانی هەردوولا و فەرەنسا لە بوارەکانی ژێرخان و دارایی و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوودا هاوکاریی سووریا دەکات. ئەو گوتی: "سووریا لەم قۆناخــەدا بە سەرکەوتوویی بەسەر زۆر ئاستەنگدا زاڵ بووە و فەرەنساش هاوکار بووە لە بەرزکردنەوەی ئاستی کرانەوەیدا بە رووی جیهاندا و لە هەڵگرتنی سزاکاندا."
ماکرۆن لەم سەردانەیدا شاندێکی گەورەی وەزیران، بازرگانان و بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکانی وەک "تۆتاڵ" و "CMA CGM"ی لەگەڵە. هەروەها بەرپرسانی چاپخانەی نیشتمانیی فەرەنسای لەگەڵە کە بڕیارە هاوکاریی سووریا بکەن لە چاپکردنی دراوی نیشتمانی و پاسپۆرت.



